فیفا وادەی دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 ئاشکرا دەکات
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی رایگەیاند مۆندیالی 2026 لە 11ـی یۆنیۆی 2026 لە یاریگەی ئازتیکا لە مەکسیک دەستپێدەکات و یاریی کۆتاییش لە یاریگەی مێتلایڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە هەر سێ وڵاتی کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، سەرەتا یاریی یەکەم و کردنەوەی پاڵەوانیەتییەکە لە مەکسیک لە رۆژی 11ی مانگی یۆنیۆ دەبێت، لە رۆژی دواتر یارییەکانی کەنەدا و ئەمریکا بەڕێوەدەچن.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مۆندیال بە بەشداری 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، لە قۆناغی کۆمەڵەکان تەنیا 16 هەڵبژاردە ماڵئاوایی دەکەن و ناگەنە قۆناغی دووەم، لە کۆی 48 هەڵبژاردە، 32 هەڵبژاردە دەگەنە قۆناغی دووەم، بەمشێوەیە:(12 هەڵبژاردەی پێشەنگی کۆمەڵەکان، 12 هەڵبژاردەی دووەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ 8 باشترین هەڵبژاردەی سێیەمی کۆمەڵەکان).
بە گشتی لە ماوەی 38 رۆژ لە مۆندیالی داهاتوو، 104 یاریی دەکرێن و بۆ یەکەمجاریش لە مێژوودا 8 هەڵبژاردەی ئاسیایی دەرفەتیان هەیە بگەنە مۆندیالی 2026.
لە مۆندیالی 2026 لە رۆژێکدا 4 یاریی بەڕێوەدەچن و زۆربەی کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانیش لە نێوان 2 ـی بەرەبەیان بۆ 7ـی بەیانی دەبێت.