رێگاکانی چۆمان و حاجی ئۆمەران لە بەفر پاککراونەتەوە

K24- هەولێر
سەرپەرشتیاری تیمی راماڵینی بەفر رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە تاکو ئێستا تیمەکانی راماڵینی بەفر سەرقاڵی راماڵینن، ئێستا هیچ ئاستەنگێک لە بواری بازرگانی و هاتووچۆ نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، سەردار مەلا برایم، سەرپەرشتیاری تیمی راماڵینی بەفر، لە نێوان چۆمان حاجی ئۆمەران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ ئێوارە تاکو درەنگانێکی شەو شەپۆلێکی بەفر بارین سنووری باڵەکایەتی گرتەوە، بەڵام تیمەکانمان لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکە کەوتنە جوڵە و تا درەنگانی شەو بەفرمان راماڵی و رێگا و بانمان خوێ رێژ کردووە.
بەگوتەی ئەو سەرپەرشتیارە: "ئاستەنگێکی زۆر دروست ببوو، ئێستا ئەو ئاستەنگە نەماوە، بەرێژە شەپۆلی بەفرەکە 30 تا 35 سم بەفر باریوە، نزیکە 15 بۆ 16 تۆن خوێشمان بڵاو کردووەتەوە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە مەترێک و 45 سم بەفر باریبوو، ئەمساڵ کۆی بەفر بارین مەترێک و 50 سم بەفر باریوە و هێشتاش بەردەوامە".
راشیگەیاند، ئەو ئاستەنگانەی هەبوو تیمەکان هەموویان لاداوە، هەر شۆفێرێک بیەوێت هاتووچۆ بکات ئێستا دەتوانێت بەئاسانی هاتووچۆ بکات.