فوئاد حوسێن: ئاسایشی هەرێمی بەبێ رۆڵی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بەدی نایەت
عێراق پێشوازی لە دانوستانەکانی تاران و وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککە دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە، کە ئاسایش و ئابووری دوو چەمکی لێک دانەبڕاون؛ راشیگەیاند: کە بەغدا کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن لە مۆدێلی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەستەبەرکردنی بازاڕێکی هاوبەش و تەواوکاریی ئابووری لە نێوان عێراق، وڵاتانی کەنداو، تورکیا، ئێران و سووریادا.
سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی گوتارێکیدا لەو ئاهەنگەی کە یەکێتیی ئەوروپا بە بۆنەی هاوبەشی و دۆستایەتی لەگەڵ عێراق لە بەغدا رێکیخستبوو، گوتی: عێراق و ناوچەکە بە گشتی رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە و هێشتا سێبەری شەڕ بەسەر ناوچەکەوە ماوە، بۆیە دۆخەکە وا دەخوازێت پێکەوە بە هاوبەشی کار بکەین بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی هەرێمی و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، چەند رۆژێک لەمەوبەر عێراق بیرۆکەی کۆبوونەوەی بە شێوازی (6+2) خستووەتەڕوو و، ئێستاش پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ولاتانی ناوچەکە هەیە تاوەکو ئەو بیرۆکەیە بگاتە قۆناخی جێبەجێکردن.
هەروەها جەختی کردەوە کە بەغدا پێشوازی لە کۆبوونەوەی ئەم دوایییەی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککە لەگەڵ ئێران لە تاران دەکات و، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، وەزیری دەرەوە روونی کردەوە، کە چەمکی ئاسایشی هەرێمی بە واتای کارکردن لە دابڕاندا نایەت لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، چونکە هێنانەدی ئاسایش پێویستی بە رەهەندی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت سیاسەتی ئەمریکا و رۆڵی کاریگەری ئەوروپا. هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئاسایش و گەشەی ئابووری بە توندی بە یەکەوە گرێدراون و ناکرێت لە یەکدی جیابکرێنەوە.
سەبارەت بە روانگەی ئابووریی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند: عێراق بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە سوودوەرگرتن لە مۆدێل و ئەزموونی ئەوروپی بۆ گەیشتن بە بازاڕێکی ئابووریی هاوبەش، لە رێگەی کارکردن بۆ بەدیهێنانی تەواوکاریی ئابووری لە نێوان عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا، هاوشانی وڵاتانی کەنداو.
هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە خاوەنی توانا و سامانی هەمەجۆرن؛ لە کاتێکدا هەندێکیان دەوڵەمەندن بە نەوت و گاز، هەندێکی دیکەیان خاوەنی سامانی ئاو و زەویوزاری بەپیتی کشتوکاڵین، ئەمەش پێویستیی داڕشتنی بناخەیەک بۆ تەواوکاریی ئابووری دەسەلمێنێت.
روونیشی کردەوە، کە دیدگای بەغدا پشت بە بەهێزکردنی ئابووری لەگەڵ باشوور لە رێگەی کەنداوەوە و، لەگەڵ باکوور لە رێگەی تورکیا، ئێران و سووریاوە دەبەستێت.