سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردران

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا

K24 – بە‌غدا:

لە یەکەمین کۆبوونەوەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، عەمار حوسێن قەیسی بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جاسم حەمود بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران.

کاتژمێر (8:00)ـی شەوی (5ـی شوباتی 2024) ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی بەغدا کۆبوونەوە کە لە کۆی 53 ئەندام، 44 ئەندام ئامادەبوون کە هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بە دەنگی 39 ئەندامی ئەنجوومەن، عەمار قەیسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا هەڵبژێردرا کە لە هاوپەیمانی عەزمە بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی.

دواتریش عەبدولموتەڵب عەلەوی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە 52 دەنگ بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەندامانی هەوپەیمانی تەقەدووم گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا.

ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 49 کورسی پێکهاتووە لەگەڵ چوار کورسی کۆتای پێکهاتەکانی کوردی فەیلی و کریستیانەکان.

پێشتر شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە هۆلێ کۆبوونەوەکە رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی بەشێک لە لایەنەکان، بۆ پۆستی پارێزگاری بـەغدا، عبدولموتەڵب عەلەوی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمار قەیسی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە هاوپەیمانی عەزم کاندیدی بەهێزن.

رۆژی (21ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد.

سەر لە بەیانیی رۆژی (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت و رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەنگدانی گشتیی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکان دەستیپێکرد، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

دوانیوەڕۆی رۆژی (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کۆتایی بەشداریی دەنگدەران لە هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە؛ زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.