ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر: پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەکەین
K24 - هەولێر
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەن پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا بەهێزتربکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02-2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی جێگرانی سەرۆکی ژوور؛ پێشوازیی کرد لە نەواف کلیچ، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشەسازکاران و خاوەنکارانی تورکیا و شاندی یاوەری.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر؛ لە کۆبوونەوەکەدا دووپات لەسەر هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کۆمەڵەی پێشەسازکاران و خاوەنکارانی تورکیا کرایەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور رایگەیاند، "پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا بەهێزە و هەوڵی پتەوکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە دەدەین. خۆشحاڵیش دەبین لە گشت چالاکیەك بەشداربین کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بگەیەنێت".
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نەواف کلیچ، پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی تازە کردووە و پاڵپشتی کۆمەڵەکەیانی بۆیان دووپاتکردووەتەوە. سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازکاران و خاوەنکارانی تورکی کارنامەی ئەوساڵی کۆمەڵەکەیانی بۆ ژوور روونکردەوە لە هەمان کاتدا داوەتنامەیەکی پێشکەش بە ژوور بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێکی ئابووری نێودەوڵەتی.