هەڵبژاردەی ئوردن بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا

هەڵبژاردەی ئوردن مێژووی تۆمار کرد و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2023، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کۆریای باشووری بردەوە.
لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، هەڵبژاردەی ئوردن و کۆریای باشوور رووبەڕوو بوونەوە، لە نیوەی یەکەمی یارییەکە هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسان بوون و ئەم نیوەیە بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمیدا دوای تەنیا هەشت خولەک هەڵبژاردەی کۆریای باشوور شۆککرا، دوای ئەوەی یەزن نەعێمات توانی بە ئەسیستی موسا تەعەمەری گۆڵی یەکەمی بۆ ئوردن بکات.
ئوردن هەر بەم گۆڵە نەوەستا و لە خولەکی 66 موسا تەعەمەری گەڕایەوە و ئەمجارە بە شێوازێکی نایاب گۆڵی دووەمی ئوردنی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی بەسەر کۆریای باشوور دوو هێندە لێکرد.
یارییەکە تا کۆتایی بەم ئەنجامە مایەوە و ئوردن بە دوو گۆڵی خاوێن لە کۆریای باشووری بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، لەو قۆناغەشدا رووبەڕووی براوەی نێوان ئێران و قەتەر دەبێتەوە.
بە گەیشتنی بە یاریی کۆتایی، هەڵبژاردەی ئوردن سێ ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات وەردەگرێت و ئەگەر نازناوەکەش بباتەوە دەبێتە خاوەنی پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە ساڵی 1996 تا ئێستا، هەر هەڵبژاردەیەک لە عێراقی بردبێتەوە گەیشتووەتە یاریی کۆتایی:
1996 : ئیمارات
2000 : ژاپۆن
2004 : چین
2007 : عێراق بووە پاڵەوان
2011 : ئوسترالیا
2015 : کۆریای باشوور
2019 : قەتەر
2023 : ئوردن