بلینکن نایەوێت بە دەستی بەتاڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە ئەمەریکا
![ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Feb-2024/170730400266555555.jpg)
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیسرائیلە و دواتریش دەچێتە رامەڵڵا. ئەمجار پێناچێت بەبێ دەستکەوت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی. هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حەماس وەڵامی پێشنیازی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی پاریسی دایەوە، سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جاری پێنجەم لە دوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس گەیشتە تەلئەڤیڤ. هەر لەگەڵ سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەی پاریسی دایەوە، کە هەفتەی رابردوو لەنێوان بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر ئەنجامدرا.
حەماس ئاشکرایکرد، وەڵامەکەیان ئەرێنی بووە. ئەمەریکا و ئیسرائیلیش پێداچوونەوە بە وەڵامەکەی حەماس دەکەن، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک لەسەر وەڵامەکە ئاشکرا بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، دەکرێت رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس هەبێت.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی رۆژئاوا، پێشنیازی کۆبوونەوەکەی پاریس بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆییە و بە سێ شێوەیە. یەکەم ئاگربەست بۆ 45 رۆژ رابگەیەندرێت و حەماس تەواوی بارمتەکان ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات.
دووەم، شەڕ رابگیرێت و حەماس دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەززە زیاد بکات.
سێیەمیش، حەماس لاشەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییە فەڵەستینییەکان، بداتەوە بە ئیسرائیل.
بەگوێرەی ئەوەی یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگریکردنە لە فراوانبوونی شەڕ، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا و چوار وڵاتی ئەوروپی هاوپەیمانی، دەیانەوێت رێککەوتنێک هاوشیوەی لێکتێگەیشتنی ساڵی 1996ی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل ئەنجامبدەن، بە مەبەستی راگەیاندی ئاگربەست لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل. بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەش پێویستە حزبوڵڵا 8 بۆ 10 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئیسرائیل بکشێتەوە.
هەموو ئەم پرسانە هاوکاتن لەگەڵ سەردانەکەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەجێندای سەردانە چوار رۆژییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیە، كۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ئازادکردنی هەموو بارمتەكان، گەیاندنی هاوكاری مرۆیی زیاتر بە غەززە، راگرتنی هەڕەشەی حوسییەكان لە دەریای سوور، رێگریكردن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ لە ناوچەكە، كاركردن بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت و راگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین.