پارێز یوسف: ساڵانە سەدا 80ـی گەشتیاران روو لە رواندز دەکەن

پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پلانی هەشت ساڵە دانراوە بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری گەشتیاری. گوتیشی: هەوڵدەدەن کەرتی گەشتیاری لە رواندز زیاتر پەرەپێبدەن. 

پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە مەزەندەی ئەوە دەکەین کە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەن، لەم رێژەیەش 80%ـیان روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی رواندز دەکەن، بەهۆی ئەوەی زۆرترین ناوچەی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران کەووتونەتە ناوچەی رواندز.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی دراوە و پلانی هەشت ساڵە دانراوە بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری گەشتیاری، هەروەها ناوچەی رواندز زۆر دڵگیر و فەراهامە بۆ هەر چوار وەرزەکەی ساڵ.

پارێز یوسف، باسی لەوەکرد، "رێژەی گەشتیارە ناوخۆییەکانمان بەروارد بەو گەشتیارانەی کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دێن کەمترە، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، گوتیشی: ئێمە جگە لە چیای کۆڕەک شوێنی دیکەشمان هەیە کە تا ئێستا وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامنەدراوە، زینی وەرتێ بە نموونە، کە ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران رووی تێدەکەن، هاوکات خاڵی بەیەکبەستنەوەی هەردوو ئیدارەی سۆران و راپەڕینە، "لە ئانیندەکی نزیکدا هەوڵدەدەین وەبەرهێنانی تێدا بکرێت".

پارێز یوسف، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ناوچەی رواندز لە زستانان لە توانای دایە رۆژانە سەرو هەزار و 200 گەشتیار لەخۆ بگرێت و تێیدا بمێننەوە، هاوکات لە وەرزی هاوینانیش ئەو رێژەیە زیاتر دەبێت بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆری کەپری گەشتیارییمان هەیە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، جەختی لەوەشکردەوە، لە پلانیان دایە گرنگی بەو شوێنانە بدەن کە تا ئێستا وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە.