لە کوبا زیاتر لە 130 تۆن گۆشتی مریشک دەدزرێت

K24 - هەولێر
لە دزییەکی گەورە و دەگمەندا بەرپرسانی کوبا 30 کەسیان تۆمەتبار کرد بە دزینی 133 تۆن مریشک و فرۆشتنی بە خەڵک لە شوێنی گشتیدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتە بەهۆی کەمی خۆراکەوە دەناڵێنێت.
کەناڵی فەرمی کوبا رایگەیاند، دزەکان گۆشتەکەیان لەناو 1660 سندوقی سپی لە دامەزراوەیەکی حکومی لە هاڤانای پایتەخت دا هەڵگرتووە، و داهاتی فرۆشتنەکەشیان بەکارهێناوە بۆ کڕینی لاپتۆپ و تەلەفزیۆن و ئامێری هەواگۆڕین.
ئەو مریشکانە بە تایبەت بوون بە سیستەمی "دەفتەری بەشەخۆراک" کە کوبا دوای شۆڕشی فیدل کاسترۆ لە ساڵی 1959 جێبەجێی کردووە، بۆ دابینکردنی کاڵای بنەڕەتی کۆمەککراو بۆ هەمووان.
ڕیگۆبێرتۆ مۆستێلەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکی دەوڵەت "کۆپمار" رایگەیاند، بڕی مریشکە دزراوەکە یەکسانە بە پشکی مانگانەی مریشک بۆ هەرێمێکی قەبارە مامناوەند، بە رێژەی دابەشکردنی ئێستا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو مریشکەی کە لە رێگەی بەشەخۆراکەوە بەردەستە، بەراوورد بە ساڵانی رابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە قەیرانی ئابووری بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و سووتەمەنی و دەرمان.
زۆرێک لە بەرهەمە پاڵپشتکراوەکان بۆ دانیشتووان، چەند رۆژێک یان هەفتەیەک یان تەنانەت چەند مانگێک لە کاتی دیاریکراوی خۆی دوادەکەوێت، ئەمەش وایکردووە ئەو کەسانەی کە مانگانە بە تێکڕا 4209 پیزۆ کە دەکاتە 14 دۆلار بەدەستدەهێنن، بۆیە بەدوای رێگا و شێوازی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.