گوتەبێژی بەرگریی شارستانی: تەنیا لە یەک شوێن 20 کەسمان رزگار کرد

شەوی رابردوو بەهۆی شەپۆلێکی چڕ و لەناکاوی بارانبارینەوە، لافاوێکی گەورە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شاری هەولێری گرتەوە. بەرگریی شارستانی هەولێریش دەیان کەسیان رزاگار کردووە.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە کاتژمێر  6:00ـی ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلەکە دەستی پێکردووە و دەستبەجێ تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا، بەدەم داواکاری هاووڵاتییانەوە چوون و توانیویانە هەموو ئەو کەسانەی لەناو ئاودا گیریان خواردبوو بە سەلامەتی رزگار بکەن.

شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەدا،  تەنیا لە نزیک "هایلاند" زیاتر لە 20 کەسیان رزگار کردووە. هەروەها لەسەر پردۆڵکەیەک کە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکە بووە، توانیویانە بە بەکارهێنانی گوریس دوو کەس لە خنکان رزگار بکەن. جەختیشیکردەوە، کاری لەپێشینەی تیمەکانیان لە کاتی رووداوەکەدا، رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان بووە نەک دەرهێنانەوەی ئۆتۆمبێلەکان.

سەبارەت بە رووداوی خنکانی منداڵێک و ئاوبردنی ئۆتۆمبێلێک، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی روونیکردەوە "ئۆتۆمبێلەکەمان بینی کە ئاو دەیبرد، بەڵام بەهۆی زۆری و خێرایی ئاوەکەوە نەمانتوانی فریای بکەوین. لەو کاتەدا ئێمە نەماندەزانی کەسی تێدایە، چونکە هاووڵاتییانی دەوروبەر پێیان راگەیاندین کە باوکی منداڵەکە لە ئۆتۆمبێلەکە هاتووەتە دەرەوە، دواتریش ئاوەکە ئۆتۆمبێلەکەی تا کۆتایی بەستەکە برد."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسی لە قەبارەی زیانە مادییەکان کرد و گوتی "ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ئێستادا بنکەکانمان سەرقاڵی وەرگرتنی داوای هاووڵاتییان و تۆمارکردنی زیانەکانن بۆ ئەوەی دواتر ئامارێکی دروست بڵاوبکەینەوە."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایە لە کاتی رووداوەکەدا تیمەکانیان مۆبایلیان داخستووە و وەڵامی پەیوەندییە بەپەلەکانیان نەداوەتەوە، شاخەوان سەعید ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و ئاشکرایکرد "لە کاتی رزگارکردنی چەند گەنجێکدا مۆبایلەکەم بە هەردوو سیمکارتەکەیەوە کەوتە ناو ئاوەوە، ئەوەش وایکرد نەتوانم وەڵامی پەیوەندییەکان بدەمەوە، بەڵام بێگومان گیانی هاووڵاتییان بۆ ئێمە لە مۆبایلەکە زۆر گرنگترە."