ئەبولغەیت: ئومێدەوارم مەسرور بارزانی ئامادەی کۆمکاری عەرەبی بێت

K24 – هەولیر
ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی دوای دیداری لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئومێدی خۆمم بۆ سەرۆکوەزیران دەربڕی ئەگەر سەردانی میسری کرد، خۆشخاڵ دەبم لە کۆمکاری عەرەبی ئامادەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (13ی شوباتی 2024) لە دووەم رۆژی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات، ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە دوای دیدارەکە ئەبولغەیت لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران باسی پەیوندییە هەرێمییەکانمان کرد، لەنێویاندا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، باسمان لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کرد.
ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی گوتیشی: گفتوگۆکانمان زۆر باشبوون، هەروەها ئومێدی خۆمم بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی ئەگەر سەردانی میسری کرد، خۆشخاڵ دەبم لە کۆمکاری عەرەبی ئامادەبێت.
لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، لە لوتكهكهدا 25 سهرۆك وڵات و سهرۆكوەزیران، 85 رێكخراوی نێودهوڵهتیی و ناوچهیی و دهزگای جیهانیی لەگەڵ 120 شاندی حكومی و ژمارهیهك له سهركردهی بیرمهند و پسپۆری جیهانی بەشدارن.
لوتکە 12ی ئەم مانگە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و تاوەکوو (14ی شوباتی 2024) بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی کارنامەی لوتکەکە 110 گفتوگۆی كارا بهڕێوهدهچێت، تێیدا 200 كهسایهتی جیهانی قسه دهكهن، جیا له بهڕێوهچوونی 23 كۆبوونهوهی وزاری و دانیشتنی جێبهجێكاری، به ئامادهبوونی 300 وهزیری بهشداربووی لوتكهكه.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشکرد و لە میدیا عەرەبیی و جیهانییەکان رەنگدانەوەی هەبوو.