کوشنەر چوار پرەنسیپی واشنتن بۆ ئاشتیی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات

راوێژکاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ رژدە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەر لە دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییەکانی ئەبووزەبی، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و ناتۆ کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی قۆناخی دوای جەنگ.

دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، جارید کوشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "دۆناڵد ترەمپ رژدە لەسەر کۆتاییهێنان بەم جەنگە تۆقێنەرەی کە بووەتە هۆی زیانی گەورەی گیانی، وێرانکاری و ئازارێکی بێشومار. ئێمە بە جددی کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گفتوگۆلەسەرکراو کە ئاشتییەکی بەردەوام بەدیبهێنێت و زەمینە بۆ ئۆکراینایەکی سەروەر، پارێزراو و گەشەسەندوو لەناو ژینگەیەکی ئەمنیی سەقامگیرتری ئەوروپادا دەستەبەر بکات."

راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بەر لە دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییە دوو رۆژییەکەی ئەبووزەبی لە نێوان واشنتن، مۆسکۆ و کێیڤ، لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکراینا، یەکێتیی ئەوروپا، ناتۆ، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا کۆدەبنەوە بە مەبەستی درێژەدان بە هەماهەنگییە چڕەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و ئایندەی ئۆکراینا.

کوشنەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی سێقۆڵیی لەو شێوەیەیە لە دوای مانگی شوباتی رابردووەوە بەڕێوەدەچێت و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە ئۆکرانیا و رووسیا کۆبکەینەوە تاوەکو راستەوخۆ نیگەرانییە ئەمنییەکانیان، پێشنیازەکانیان و چارەسەرە ئەگەرییەکان بۆ قۆناخی دوای جەنگ تاوتوێ بکەن. بەدیهێنانی چارەسەرێکی هەمەلایەنەش پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان رووسیا و هاوبەشە ئەورووپییەکانمان دەبێت."

کوشنەر چوار پرەنسیپ و کاری لەپێشینەی ئیدارەی ئەمریکای لەم پرۆسەیەدا دیاریکرد:

1. کۆتاییهێنان بە جەنگ و راگرتنی پێکدادانەکان لە سەرجەم بەرەکان.

2. داڕشتنی گەرەنتیی ئەمنیی باوەڕپێکراو بۆ قۆناخی دوای جەنگ بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ململانێ.

3. ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری ئابووری و گەشەپێدان بۆ پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا لە رێگەی راکێشانی وەبەرهێنانی تایبەت.

4. پێشخستنی هەنگاوە مرۆییەکان، بەتایبەت دۆسیەی گەڕاندنەوەی دیلەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی و کەمکردنەوەی باجی مرۆیی جەنگەکە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە کە دەبێت سەرنجەکان لە بەڕێوەبردنی شەڕەوە بگوازرێنەوە بۆ "بنیاتنانی بناغەی ئاشتییەکی بەردەوام" بە بەهێزکردنی شەفافیەتی سەربازی و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، و گوتیشی: "ئەمە ململانێیەکی یەکجار سەخت و ئاڵۆزە؛ ئاگاداری ئەو بڕیارە قورسانەین کە لە بەردەمماندان و بە پێداگری و واقیعبینییەوە دەچینە نێو ئەم گفتوگۆیانە بەو هیوایەی رێگەیەکی کرداری بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بدۆزینەوە."