زاخۆ دوای 74 رۆژ یەكەمین سەركەوتنی لە نێو یاریگەی خۆی تۆمار كرد

گرتەیەك لە یاریی زاخۆ و ئەمانەی بەغدا. 16 شوباتی 2024 یاریگەی فرەنسۆ هەریری
گرتەیەك لە یاریی زاخۆ و ئەمانەی بەغدا. 16 شوباتی 2024 یاریگەی فرەنسۆ هەریری

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی زاخۆ دوای 74 رۆژ لە نێو یاریگەی خۆی سەركەوتنی بەدەستهێنا، یارییەكەی هەولێر و كەرخیش بەهۆی نالەباری كەشوهەوا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

ئەمڕۆ هەینی 16 شووباتی 2024، لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی ئەمانەی بەغدای كرد، یارییەكە لە نیوەی یەكەم بەیەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات، بەڵام لە چركە ساتەكانی كۆتایی یارییەكە پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات دیۆنی رێباس یاریزانی پیشەگەری زاخۆ بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی سەركەوتنی بۆ یانەكەی تۆمار كرد.
یانەی زاخۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دوای 74 رۆژ یەكەمین سەركەوتنی لە نێو یاریگەی خۆی تۆمار كرد، ئەمەش سەركەوتنی چوارەمی بوو لەم وەرزە.
زاخۆ بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی نۆیەمی ریزبەندی سەركەوت، دوو یاریی داهاتووشی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەسرە دەكات بەرامبەر یانەكانی مینا و نەفتی بەسرە، دوای تەوابوونی گەشتەكەی بۆ بەسرە دەگەڕێتەوە و لەبەردەم ئاپۆڕی هاندەرانی خۆی بۆ میوانداریكردنی یانەی زەورا ئامادە دەكات.

.

 

یاریی هەولێر و كەرخ دواخرا
بڕیار بوو ئەم یارییە ئەمڕۆ كاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە كاتی هەولێر بكرێت، بەڵام یەك كاتژمێر پێش دەستپێكی یارییەكە سەرپەرشتیار و ناوبژیوانی یارییەكە بڕیاریاندا ئەم یارییە بەهۆی نالەباری كەشوهەوا نەكرێت و بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.
یانەی هەولێر دوو یاریی داهاتووی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەكانی كەربەلا و نەجەف دەكات، یاریی داهاتووی رۆژی دووشەممە دەبێت.
هەولێر دوای تەوابوونی ئەم دوو یارییە دەگەڕێتەوە پایتەخت و خۆی بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەمانەی بەغدا ئامادە دەكات كە بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممە لە 29ـی ئەم مانگە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بكرێت.

.

 

 

 

Fly Erbil Advertisment