پەروەردەی هەولێر: سبەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن ئاساییە

پەروەردەی هەولێر
پەروەردەی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، رێژەی بارانبارین کاریگەری نابێت لەسەر دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە سبەی دەوامکردن ئاساییە.

ئەمڕۆ شەممە (17ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەپشتبەستن بە راپۆرتی بارودۆخی کەشوهەوا بۆ سبەی رێژەی بارانبارین پچڕ پچڕ دەبێت، ئەوەش کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر دەوامی ناوەدەکانی خوێندن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، دەڵێت: سبەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەولێر ئاسایی دەبێت، بەهیوای سەلامەتی بۆ گشت لایەک.

رۆژی شەممە (17ـی شوباتی 2024) لەمیانەی راگەیەندراوێکدا بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە بە گشتی ناوچەكە بارانبارینی پچڕپچڕی دەبێت لە كاتی جیاجیا، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بارانبارین زیاتر دەبێت بەراورد لە ناوچەكانی تر تاكو شەو كاریگەریەكە لاواز دەبێت.

هەروەها بۆ رۆژی دووشەممە، لە كاتەكانی بەیانی كەش ئاسایی دەبێت ئاسمان نیچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە دوای نیوەڕۆ نمە باران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ لە كات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان.