رۆیتەرز: قائانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کۆبووەوە

K24 - هەولێر
عێراق لە ترسی فراوانبوونی دۆخەکە داوای لە ئێران کردووە یارمەتی بدات لە کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراق کردووە و گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانی رازی کردووە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بوەستێنن
بەپێی سەرچاوەکان، عێراق نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، بۆیە پەنای بردووەتە بەر ئێران و داوای واژووی تارانی کردووە بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن گروپە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە لە عێراق بوەستێت و ململانێکان فراوانتر نەبن لە خاکەکەی.
هەروەها بەپێی هەواڵەکە، لە 4ـی شوباتەوە هیچ هێرشێک بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام نەدراوە.
سەرچاوەکانیش دەڵێن، ئیسماعیل قائانی لە 29ـی 1 لە فڕۆکەخانەی بەغدا چاوی بە چەند گروپێکی چەکداری کەوتووە، ئەمەش کەمتر لە 48 کاتژمێر دوای ئەوەی واشنتۆن ئەو گروپانەی بە هۆکاری کوشتنی سێ سەربازی ئەمەریکی لە بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن تاوانبار کرد.
س/ رۆیتەرز