پشتیوان سادق: ژمارەی قوتابیيانی پەیمانگه‌ی ئەزھەر لە کوردستان بۆ زیاتر له‌ 350  قوتابی بەرزبووه‌ته‌وه‌

شاندێكی زانكۆی ئه‌زهه‌ر سه‌ردانی وه‌زیری ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد
شاندێكی زانكۆی ئه‌زهه‌ر سه‌ردانی وه‌زیری ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد

K24 – هه‌ولێر:

له‌میانه‌ی پێشوازییان له‌ شاندێكی زانكۆی ئه‌زهه‌ر، پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی رایگه‌یاند، توانیومانە ژمارەی قوتابیيانی پەیمانگه‌ی ئەزھەر لە کوردستان بۆ زیاتر له‌ 350  قوتابی بەرزبکەینەوە.

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،  ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ـی شوباتی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشوازی لە د. یسری روشدی جەبری و شاندێکی زانكۆی ئەزھەر کرد.

لەمیانی پێشوازییەکەدا، پەیوەندیيەکانی نێوان کوردستان و زانكۆی ئەزھەر و بارودۆخى گشتيى ناوچه‌كه‌ تاووتوێ کران.

پشتیوان سادق، خۆشحاڵيی خۆی بە پاڵپشتیکردنی زانكۆی ئەزھەری شەریف بۆ خوێندنی ئایینی و پەیمانگه‌ی ئەزھەر لە کوردستان دەربڕی و گوتى "خۆشبەختانە بەپێی پلانی ئەکادیمی، توانیومانە ژمارەی قوتابیيانی پەیمانگه‌ی ئەزھەر لە کوردستان بۆ زیاتر لە350 قوتابی بەرز بکەینەوە".

وه‌زیری ئه‌وقاف ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، توانیومانه‌ چه‌ندین قوتابی دیكه‌ش بۆ خوێندنی ئایینی و بەدەستھێنانی بڕوانامەی باڵا، ره‌وانه‌ى وڵاتى ميسر بكه‌ين و بڕیاريشه‌ لە ماوەی داھاتوودا پرۆژەی فراوانتری زانستی بە ھەماھەنگی و پێکەوەیی  بەڕێوە ببرێت".

Fly Erbil Advertisment