بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر خولێکی راهێنانی بنەتۆ بۆ جووتیاران کردەوە

کشتوکاڵی هەولێر
کشتوکاڵی هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بە پاڵپشتی 2%ـی بنەتۆ خولێکی راهێنانمان بۆ جووتیاران کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کە باران بەشێوەیەکی بەردەوامی نییە، دەبێت ئاودانی تەواوکەر هەبێت بە مڕەشەح کە زۆربەی جووتیارەکانمان بەکاری دەهێنن. بە پێویستمان زانی لە 19ـی 12/2023وە خولی راهێنان بکەینەوە تایبەت بە جووتیاران لەسەر گەنم بە پاڵپشتی 2%ـی بنە تۆ ئەم خولە خولی سێیەمە لە کۆی پێنجەمین خول لە سنووری هەولێر و دەورووبەری.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "خولی یەکەم لە سنووری هەولێر و دەوروبەری، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لەسەر کێڵان و تۆ کردن بوو لەسەر گەنم، خولی دووەم لەسەر پەین کردن و نەخۆشییەکانی تایبەت بە گەنم بوو، بۆ ئەم خولی سێیەمە لەسەر ئاودانی تەواوکەرە. راشیگەیاند، بەیانی کۆتا رۆژی خولەیەکەیە".

هێمن سەید موڕاد گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو خولەکەمان لە دێگەڵە دەبێت لەسەر ئاودانی تەواوکەر، ئێمە دابەشمان کردووە بۆسەر دووبەش، دێگەڵە و ناو هەولێر جووتیارەکانی قووشتەپە، شەمامک، عەنکاوە هەمووی دێنە ناو هەولێر بۆ خولەکە، جووتیارەکانی سنووری کۆیە، تەق تەق، دێگەڵە، شەقڵاوە، دێنە دێگەڵە بە بەشداری 90 جووتیار".

راشیگەیاند، لای خۆمانەوە بەردەوام رێنمایی دەدەین بە جووتیاران لەسەر باخداری، بەڵام بۆ ئەم خۆلی راهێنانە کە 2% پاڵپشتییە تایبەت بە گەنمە بۆ جووتیاران.

Fly Erbil Advertisment