كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی تا كۆتایی مانگ درێژكرده‌وه‌

K24 – به‌غدا:

شڤان جه‌باری په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بۆ ده‌ رۆژ درێژبكرێته‌وه‌، كه‌ بڕیاربوو سبه‌ی 20ـی شوبات كۆتایی پێبێت.

گوتیشی: "بڕیاره‌كه‌ زیاتر ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ له‌ دایكبووی ساڵی 2006ـن، بۆ ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ له‌ پێشوودا كارتی بایۆمه‌تریان نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ بڕه‌خسێت".

جه‌باری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بڕیار بوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ مانگی ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دادگای فیدراڵی به‌هۆی سكاڵایه‌ك ئه‌و بڕیاره‌ی راگرتووه‌، هاوكات بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ دادگای ئیتیحادی بۆ دیاریكیردنی میكانیزمی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

رۆژی 18ـی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بۆ جاری 11یەم دەربارەی سکاڵایەک دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان کۆبووه‌وه‌.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە بریتیبن لە ماددەکانی"1، 9، 15، 22، 36" کە پەیوەستن بە کورسی پێکهاتەکان و بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

سکاڵاکەی 10 مانگ لەمەوبەر و لە نیسانی ساڵی 2023دا تۆمارکراوە، بەڵام دوای 10 دانیشتن، هێشتا دادگای فیدراڵی پرسەکەی یەکلاینەکردووەتەوە.

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.