نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەک لەسەر مردنی منداڵانی غەززە دەدات

"خۆراک و ئاوی پاک لە ناوچەکانی غەززە زۆر کەم بووەتەوە"

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی کەمی خۆراک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بەخێرایی، ڕەنگە وەکو "تەقینەوەیەک" ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵان لە کەرتی غەززە.

دوای 20 هەفتە لە شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس، رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، کە خۆراک و ئاوی پاک لەناوچەکانی غەززە زۆر کەم بووەتەوە، نزیکەی هەموو منداڵانی بچووک بەدەست نەخۆشییە پەتاکانەوە دەناڵێنن.

تێد شەیبان، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، رایگەیاند، "غەززە خەریکە بەهۆی مردنی منداڵان دەتەقێتەوە، کە دەتوانرێت رێگری لێبکرێت، هەروەها دەشتوانرێت ئاستی مردنی منداڵان دوو هێندە زیاد بکات".

بەپێی ڕاپۆرتێکی یونیسێف و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، لانیکەم لەسەدا 90ـی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە غەززە تووشی یەکێک یان چەند نەخۆشییەک دەبن، لەسەدا 70ـی لە دوو هەفتەی رابردوودا تووشی سکچوون بوون، کە بە بەراورد بە ساڵی 2022، 23 هێندە زیادی کردووە.

لای خۆیەوە مایک رایان، بەرپرسی بارودۆخی نائاسایی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، برسێتی و نەخۆشی پێکهاتەیەکی کوشندەن، دەشڵێت: "منداڵانی برسی و لاواز زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن، بە تایبەتی ئەوانەی سکچوونیان هەیە، ناتوانن ماددە خۆراکیەکان بە باشی هەڵبمژن.

بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 15%ی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ، یان یەک لە شەش ساڵ، لە باکووری غەززە بەدەست "بەدخۆراکی توند"ەوە دەناڵێنن، و تەواو بێبەشن لە هاوکارییە مرۆییەکان.

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە "ئەم داتایانە لە مانگی یەکدا کۆکراونەتەوە و پێدەچێت دۆخی ئێستا خراپتر بێت".