کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر هانی هاووڵاتیان دەدات هەژماری بانکی بکەنەوە

K24 - هەولێر

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و داوا لە خەڵک دەکات هەژماری بانکییان هەبێت تاوەکو پارەکانیان لە تاوانە داراییەکان و دزی و ونبوون بپارێزرێن.  

ئاماژەی بەوەشکرد، خزمەتگوزارییە بانکییە نوێییەکان توانای وەبەرھێنان و متمانە بە خەڵکی عێراق زیاتر دەکەن، هەروەها پارە لە تاوانە داراییەکان و دزی و وونبوون دەپارێزن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر راشیگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی پارە بەشێوەییەکی نافەرمی زیان بە ئابوورییە خۆجێییەکان دەگەیەنێت.

ئاشکراشی کرد، بەپێی چەند داتاییەکی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2021 تەنھا 18.75%ـی عێراقییەکانی سەرووی تەمەن 15 ساڵ ھەژماری بانکییان ھەبووە، ئەمەش نزمترین رێژەی ھەبوونی ھەژماری بانکییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ریژەی ھەبوونی ھەژماری بانکی لەم ناوچانە 53% یە.

کونسوڵخانە روونیشی کردەوە، بەکارھێنانی پارەی کاش و گواستنەوەی پارە بەشێوەییەکی نافەرمی لە عێراق زیان بە ئابووری دەگەیێنێت، چونکە دەبێتەھۆی کەمکردنەوەی رێکخستنی دارایی پێویست بۆ باوەڕپێھێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان بۆ ئەنجامدانی بزنس لە عێراق.

دەشڵێت: لەماوەی دووساڵی رابردوودا، حکومەتی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق کاریکردووە بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی و چاکسازیکردن لە رێگاکانی گواستنەوەی پارەی پەیوەندیدار بە ھاوردە کە لە رێگای بانکە عێراقییەکانەوە پاڵپشتی دارایی بۆ دابینکراوە.

لەکۆتاییدا رایگەیاند، چاکسازییە نوێییەکان ھانی تۆمارکردنی بزنسە گونجاوەکان دەدەن و هەروەها بەکارھێنانی بانکە فەرمییەکان زیاتر دەکەن، هەروەها بەپێ چەند داتاییەکی بانکی ناوەندی عێراقی، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، کۆی گشتی پارە دانراوەکانی ناو بانکە بازرگانییەکانی عێراق بە رێژەی 37% بەرزبۆتەوە، لە ساڵی 2021 بۆ 2022، کۆی گشتی کردنەوەی ھەژماری بانکی لە بانکە عێراقییەکان بە رێژەی 31% بەرزبۆتەوە. 

پێشووتر لە هەرێمی کوردستان بە دەستپێشخەریی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان چووە بوار جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.