ئەمشەو خولی ئەمریكا دەست پێدەكاتەوە

بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە وەرزی نوێی خولی MLSـی ئەمریکی دەستپێدەکات و لە یەکەم یاریدا ئینتەر مەیامی بەسەرکردایەتی مێسی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیان رووبەرووی یانەی ریال سالت لیک دەبێتەوە.
لەوەتەی لیۆنێل مێسی و كۆمەڵێك ئەستێرەی دیكە روویكردووەتەوە خولی ئەمریكا، میدیایەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەربڵاو رووماڵی ئەنجام و كاردانەوەكانی ئەو خولە دەكەن، بەهۆی مێسیش زیاتر گرینگی بە ئەنجامەكانی ئینتەر دەدەن كە بڕیارە بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە لە یەکەم یاریی رووبەرووی ریال سارلت لیک دەبێتەوە.
ئینتەر میامی لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامەو لە راهنانی پێش یارییەکە لیۆنێل مێسی، لویس سوارێز، سێرجیۆ بۆسکێتس و جۆردی ئەلبا وەک چوار دیارترین یاریزانانی یانەکە بینران.
سوارێز ئەم وەرزە دەیەوێت لە پاڵ مێسی یاری بکات و ئەنجامی یانەکە بەرەو باشتر ببات و سەرلەنوێ چیرۆكێكی دیكەی هاوشێوەی بارسێلۆنا لەگەڵ مێسی لە خولی ئەمریكا بنووسێتەوە.
ئینتەر مەیامی دوو هەفتە لەمەوبەر بەشداریی لە چەند یاریی و پاڵەوانییەتیەکی دۆستانە کرد، تیپەکەی مێسی بەرامبەر یانەکانی نەسر و هیلال یاری کرد و هەردوو یارییەكەشی دۆڕاند، لەهۆنگ کۆنگیش یانەکەی لیۆ یاری دۆستانەی ئەنجامدا و سەركەوتوو بوو، جگە لەوەش كەمپێكی مەشقی لە وڵاتی ژاپۆنیش كردەوە.
ئینتەر میامی وەرزی رابردوو لە کۆمەڵەی رۆژهەڵات ئەنجامەکانی خراپ بوون، لە کۆی 15 یانەی کۆمەڵەکەی لە خانەی چواردە کۆتایی بە وەرزەکە هێنا،ئامانجی یانەکە لەم وەرزە گرتنی ریزەکانی پێشەوەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند گۆرانکارییەکیان ئەنجامداوە.