بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: داوامان کردووە حکومەتی عێراق بودجەی کۆمەڵێک پڕۆژە دابین بکات

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولیر

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشنیارمان کردووە بۆ وەزارەتی پلاندانان داوا لە حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەمساڵی 2024 کۆمەڵێک پڕۆژە بە گوژمەی 533 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی نوێ و بەگەڕخستنەوە دابین بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، ئاگرین عەبوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک وەزارەت پێشنیارمان کردووە بۆ وەزارەتی پلاندانان کە داوای مافمان بکات لە حکومەتی عێراق پشکەکانمان بدات بەپێی دەستوور، کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ ئەمساڵی 2024 داوامان کردووە، 533 ملیار دیناری کاش کە پاڵپشت دەبێت بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ و کۆمەڵێک پڕۆژەی لەژێر ئەنجامداندان، واتە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان.

بەگوتەی ئەو بریکارە: "لەم 533 ملیار دینارە، 183 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی 168 پڕۆژەی نوێیە. ئەم پڕۆژە نوێیانەش دروستکردنی رێگەی دووسایدە لەگەڵ دروستکردنی تونێل، پرد و رێگەی لاوەکییە لەگەڵ دروستکردنی رێگەی گوندە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە هەرچوار پارێزگاکە لەگەڵ هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکە".

ئاگرین عەبدوڵلا گوتیشی: "لەو 533 ملیارە 350 ملیاری بۆ بەگەڕ خستنەوەی 120 پڕۆژەیە لەژێر ئەنجامدانە کە پێی دەگوترێ "ئۆن گۆین پرۆژە"، ئەو پڕۆژانەی کە بەهۆی گرێ بەستی داراییەوە بەڵێندەر کاری تێدا کردووە و بەڵام پارە نەبووە تەواو بکرێت، واتە 350 ملیار دینارەکە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواو نەکراوەکانە، 183شی بۆ پڕۆژە نوێیەکانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکسانی بەپێی بەشی پارێزگاکان دابەشکراوە و دانراوە".