پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری فشارەکان لە خزمەتکردن بەردەوامە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە بکرێت. گوتیشی: حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجەی نەکردووەتەوە، هاوکات لە پەرلەمانی عێراقیش ئاسانکاری نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق قەرەبووی وڵاتی کوەیتی کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجەی نەکردووەتەوە، هاوکات لە پەرلەمانی عێراقیش ئاسانکاری نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت خزمەتی زیاتری ئەو شارە بکرێت و گوتی:" ئازاری خەڵکی هەڵەبجە بە ئازاری خۆمان دەزانین و بە کردار دەبێت لە خزمەتی خەڵکی ئەم شارە بین".
هەورامانی، دەڵێت: سەرۆکوەزیران لەگەڵ گەیشتنی بۆ هەڵەبجە لەگەڵ دامودەزگا ئیدارییەکان و بەرپرسانی شاری هەڵەبجە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیدا بەپێی توانا سەرجەم داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە جێبەجێ بکات.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆمەڵێک بەڵێنی بە خەڵکی هەڵەبجەدا کە لە زووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێشەوا هەورامانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەکو بەڵێنی دابوو لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەولێر، لێژنەیەکی تایبەتمەند لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنێرێت بۆ ئەو پارێزگایە بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە دیاریبکرێت کە تەرخان دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: بەرپرسانی دامودەزگاکانی هەڵەبجە بە سەرۆکوەزیرانیان راگەیاند، کە کێشەی کەمی کارمەندیان هەیە، بۆیە جەنابیان بڕیاریدا 500 کەس بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێنێت بۆ ئەو پارێزگایە بۆ ئەوەی کێشەی کەمی کارمەندیان نەمێنێت.
هەورامانی روونیکردەوە، ئەم 500 کەسە بەسەر سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکانی پارێزگاکە لەسەر پێوەری لێهاتووی و شارەزای دابەش دەکرێن، هەروەها سەرۆکوەزیران مەبەستێتی دەستی حزبی نەبێت لەم دامەزراندنەدا، بۆ ئەوەی تەواوی خەڵکی بتوانن سوودی لێوەربگرن.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارێکی دیکەی سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەوەبوو، هەموو کار ئاسانییەک بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پڕۆژە ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی تایبەت بەو کارە راسپارد.
ناوبراو گوتیشی: هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی یان ناوخۆیی ئەگەر بە نیازی وەبەرهێنانە لە پارێزگای هەڵەبجە، چ لە دابینکردنی زەوی و خێرا تەواوکردنی مامەڵەکان ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، هەروەها سەرۆکوەزیران مەبەستێتی پارێزگاری هەڵەبجە لە هەموو سێکەتەرەکانەوە ببووژێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و فشارەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئاستنگەکانی بەردەمی تێبپەڕێنێت، بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
هەورامانی جەختی لەوەشکردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیاوی کردار و جێبەجێکردنی قسەکانی خۆیەتی، لە بڕیارەکانی ئەمڕۆ توانی ورەیەک بداتەوە بە خەڵکی هەڵەبجە، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی دا بە پێی توانا و هەبوونی گوژمەی پێویست زۆرێک لەو پڕۆژانەی کە راگیراون تاوبکرێن، کە ئەمەش نزیکەی 100 پڕۆژە دەبێت لە هەموو سێکتەرەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، لە باڵاخانەی پارێزگە سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا کە پارێزگاری هەڵەبجە، جێگرەکانی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگاکە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەباری دۆخی خزمەتگوزاری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد، لەنێویشیاندا:
1. پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی خورماڵ.
2. دامەزراندنی 500 کەس بەگرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.
3. دەست بکرێت بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری پارێزگای هەڵەبجە.
4. لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگەکە.
5. تایبەتمەندی بدرێت بە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانێ شارەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پلانی بۆ دانراوە.
6. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەو زانستی بڕیاری کردنەوە کۆلیجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەربکات و دواتر کار لەسەر رێکار وپێداویستییەکانی بکرێت.