وەزیری دارایی عێراق چۆنیەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

K24 – هەولیر
وەزیری دارایی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق زامنکراوە و دەڵێت، لەمەودوا بەپێی لیستی مووچە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-02-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق بۆ ئەمساڵ زامنکراوە و مەترسی لەسەر نییە.
وەکو ئەوەی تەیف سامی باسی کرد، لەمەودوا خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش پەیوەستە بە پێدانی لیستی ناوی مووچەخۆران. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام رایگەیاندووە، کە لیستی مووچە بۆ بەغدا نێردراوە.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دەستیان بە خەرجکردنی بودجەی کارپێکردن کردووە و بەمزووانە خشتەی بودجەی ساڵی 2024 بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنێرن و دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتیکردەوە ئەوان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
بە گوتەی دووبەردانی، بۆ ئەم مانگە لەبەر ئەوەی لەوانەیە هەرێمی کوردستان فریانەکەوێت مەرجی تەوتینی مووچە تەواوبکات، واتە هەموو مووچەخۆرێک هەژماری بانکی خۆی هەبێت؛ حکومەتی عێراق بۆ ئەم مانگە وەکو مانگی رابردوو مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، بەڵام بەپێی ئەو لیستەی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت.
هاوکات نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، بۆ ئەم مانگە بەپێی لیستە مووچە، مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن؛ بەڵام جەختی کردەوە، بۆ مانگی سێی داهاتوو بەبێ 'تەوتینی مووچە'، مووچە دابەش ناکەن. واتا پێویستە لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی مانگی سێ هەرێمی کوردستان پڕۆسەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێبکرێت و بە تەواوەتی بتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دروست بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستی بە پرۆسەی "هەژماری من" کردووە لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان بۆ ئەوەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری تایبەتی خۆیان و مانگانە لەو رێگەیەوە مووچەکانیان وەربگرن.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، پرۆسەی ناوتۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژهی "هەژماری من"، گەیشتووەتە سەرووی 200 هەزار کەس، هاوکات 23 هەزار فەرمانبەر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە و 36 ئامێری پارەڕاکێشانیش دامەزرێندراون.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دوپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو چەواشەکارییانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسەوە دژی پڕۆژەکە دەکرێت، ناتوانێت لە گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو کەمبکاتەوە، کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییاندایە.