"سزایەكی قورس بۆ كریستیانۆ ئامادە كراوە"

تالیكسای هێرشبەری بەرازیل و كریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگال لە راهێنانەكانی یانەی نەسری سعوودیە
تالیكسای هێرشبەری بەرازیل و كریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگال لە راهێنانەكانی یانەی نەسری سعوودیە

لێژنەی تەمبێكردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ڕەفتارە "شەرمەزارکەرە" كردووە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی كاپتنی یانەی نەسر بەرامبەر یانەی شەبابی میوانەكەی ئەنجامی دا، پێشبینی دەكرێت سزایەكی قورس چاوەڕێی ئەستێرە پۆرتوگالییەكە بكات.

رەفتارەكەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر بە یانەی شەبابی میوانی، مشتومڕێکی گەورەی لێکەوتەوە، بەوپێیەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوتووە كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ بێڕێزی بە تیپی بەرامبەر دەكات.
دوای ئەوەی لە خولەکی 86ـی یارییەکەدا تالیسکای بەڕازیلی گۆڵی سێیەم و سەركەوتنی تیپەكەی بەرامبەر شەباب کرد، كریستیانۆ لە خۆشیان كۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و ئاماژەیەكی ناوەرزشی بەرامبەر بە هاندەرانی یانەی شەباب كرد، تەنانەت دوای فیكەی كۆتایی یارییەكە، كریستیانۆ هەمان رەفتاری دووبارە کردەوە.
ئەم کارەی کریستیانۆ لە وەڵامی ئەو هاندەرە گەنجانەدا بوو کە لە یاریگاکاندا دروشمی ناوی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئارجێنتینایان دەگوتەوە کە ڕکابەری مێژوویی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە.
بەگوێرەی پێگەی Goalـی جیهانی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، پێشتر لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆناڵدۆ کردۆتەوە، ئێستاش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و هەموو بەڵگەكانیان لەبارەی ئەم رووداوە ئامادە كردووە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتوو سزای كریستیانۆ رۆناڵدۆ بدرێت، چونكە رەفتاری ئەو یاریزانە تەنانەت سعوودییەكانیشی تووشی شۆك و توڕەبوون و نائومێدی لەو ئەستێرە پۆرتوگالییە كردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە ئەگەر كریستیانۆ بەڵگەی سەرپێچی بەسەردا بسەلمێت بۆ چەند یارییەك سڕ دەكرێت، بەمەش لە ڕووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەکان بێبەش دەبێت، کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی یانەی هیلالی پێشەنگی خولی سعودیە كۆتایی بێت.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە 22 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی خولی رۆشنی سعوودیەی گرتووە و نزیكترین ركابەری ئەلێكساندەر میترۆڤیچی هێرشبەری هیلالە كە خاوەنی 19 گۆڵە.