چاڤی لە رێگایە... مێسی دەیەوێت بارسێلۆنایەكی نوێ دروست بكات

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا بڕیاری داوە لە كۆتایی ئەم وەرزە لە بارسێلۆنا بڕوات، بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵەكان چاڤی لە لایەن مێسی بۆ راهێنەرایەتی ئینتەر مەیامی داوا كراوە.
چاڤی هێرناندێز دوای دۆڕانەکەی بارسێلۆنا لە گەڕی 22ـی لالیگا بەرامبەر ڤیاریال بە ئەنجامی 5-3 رایگەیاند ئەم وەرزە دوایین وەرزی ئەو دەبێت وەكو راهێنەری بارسێلۆنا.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە چاڤی هێرناندێز دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا بە نیازە بۆ ماوەی ساڵێک پشوو وەربگرێت وەكو قەرەبووکردنەوەی خێزانەکەی كە بەهۆی راهێنەرایەتی لەم ساڵانەی دوایی نەیتوانیوە لەگەڵیان بێت.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا نووسیویەتی: چاڤی بەنیازە بۆ ماوەی ساڵێک لە بواری مەشق و شیکاری دوور بکەوێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ماوە سەختەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا لەبیر بكات و بەشێوەیەكی باشتر خۆی كۆبكاتەوە.
ئاس ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیاری پشوودانەكەی چاڤی كۆتایی نییە، ئەگەر ئۆفەرێكی باشی پێ بگات رەنگە ڕەتی نەكاتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە چوار یاریزانە هاوڕێیەكەی چاڤی لە ئینتەر میامی، "سێرخیۆ بوسکێتس، جۆردی ئەلبا، لویس سوارێز و لیۆنێل مێسی بڕیاریانداوە چاڤی هێرناندێز بۆ راهێنەرایەتی یانەی ئینتەر مەیامی بەربژێر بكەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ یەكبگرنەوە و بەیەكەوە لە یانەیەك كۆببنەوە، لەم پێناوەشدا گفتوگۆیان لەگەڵ چاڤی كردووە و بیرۆكەی كاری راهێنەرایەتیان لە خولی ئەمریكا لەگەڵ چاڤی تاوتوێ كردووە.
چاڤی هێرناندێز لە ماوەی دوو وەرزی كاركردنی لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی لالیگا و جامی سووپەری ئیسپانیای بردەوە، یانەكەی بۆ ئەم وەرزە گەیاندووەتە قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ و لە یاریی رابردووش لە نێو ئیتاڵیا بە یەكسانبوون بەرامبەر ناپۆلی گەڕانەوە ئیسپانیا، بڕیاریشە یاریی گەڕانەوەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ لە رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
بارسێلۆنا لە ریزبەندی لالیگای ئەم وەرزە پلەی سێیەمی گرتووە و لە دوای ریال مەدریدی پێشەنگ و جیرۆنای پلەی دووەم دێت.

.