تورکیا.. هەناردەکردنی کاڵا زیادیکردووە و بەهای لیرەش زیاتر دابەزی

لیرەی تورکی و دۆلار
لیرەی تورکی و دۆلار

K24 – هەولێر:

تورکیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا نزیکەی 20 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی دەرەوە کردووە، بەڵام جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و بەهای لیرە زیاتر دابەزی.

بەگوێرەی راپۆرتی هاوبەشی دەستەی ئامار و وەزارەتی بازرگانی، قەبارەی هەناردەکردن لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی رابردوو، 3.5% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 19 ملیار و 991 ملیۆن دۆلار.هاوکات راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هاوردەکردن لە 22% کەمیکردووە و بۆ 26 ملیار و 218 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

کورتهێنانی نێوان هەناردە و هاوردە لە 56.4% دابەزیوە و بووەتە 6 ملیار و 226 ملیۆن دۆلار، هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ ئەڵمانیا کردووە، عێراقیش لە پلەی سێیەم دێت و ملیارێک و 97 ملیۆن دۆلارە. هەروەها تورکیا زۆرترین هاوردەی لە رووسیا کردووە و قەبارەکەی چوار ملیار و 324 ملیۆن دۆلارە. 

لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ کرانەوەی بازاری دراوی نێوان بانکەکان لە رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024)، بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرەی تورکی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و بەهای یەک دۆلار گەیشتە 31.38 لیرە. لەگەڵ ئەم پێوانە نوێیە، بەهای دۆلار بۆ یەکەمجار لەو وڵاتە گەیشتووەتە ئەو ئاستە و زیاتر لە بەهای یۆڕۆ نزیکبووەوە.

لە کاتێکدا دوێنێ سێشەممە، بەهای لیرە بە یەک دۆلار 31.148 لیرە بوو، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە تورکیا بۆ ئەو سیاسەتانە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی تورکیا لە رێگەی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، هەڵئاوسان دابەزێنێت کە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی راستەوخۆ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەو وڵاتە.