دلاوەر ئاژگەیی: دەمانەوێت بەشێوەی سیستەماتیک بەرهەمەکانی کوردستان هەناردەی ئەوروپا بکەین

K24 - هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان، بەشێوەی سیستماتیک بەرهەمەکانی کوردستان هەناردەی ئەوروپا بکەن.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی کوردستان بۆ دەرەوە دەبێتە دەستکەوتێکی ئابووری گرنگ هەر وەک پێشتر ئەوە روویدا کە بەرهەمەکانی کوردستان هەناردەی کەنداو کرا.
دەشڵێت: پێشتر لە برۆکسل سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، داوای کردبوو بازاڕی ئەوروپا بەرووی بەرهەمەکانی کوردستاندا بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا بازاڕێکی گەورەیە بۆ بەرهەمەکانی وڵاتان، بۆیە ئەگەر بێت و ئێمە بتوانین بازاڕەکانی ئەوروپا بەروو بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بکەینەوە ئەوە دەستکەوتێکی زۆر گەورە دەبێت بۆ ئابووری کوردستان، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵیدا.
ئاژگەیی گوتیشی: ئەوەی ئێمە باسی دەکەین هەناردەکردنە بەشێوەی سیستماتیک، کە دەبێت رێککەوتن لەگەڵ وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکرێت. ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ بوژانەوەی کشتوکاڵ و ئابووریش پێی دەگەشێتەوە.