زاخۆ بۆ یەكەمجار لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە زەوڕا هێنا

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە زەوڕا هێنا و بۆ یەكەمجار بۆ ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی سەركەوت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، یانەی زاخۆ لە یاریی لوتكەدا میوانداریی زەوڕای كرد، لە خولەكی 41 سیپان سدیق تۆپێكی ئاسمانی ڕەوانەی نێو ناوچەی سزای زەوڕای كرد و فرانك سیدریك بە لێدانی سەر گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، یارییەكەش تا كۆتایی بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی زاخۆ كۆتایی هات.
بەم سەركەوتنە زاخۆ بۆ یەكەمجار لە نێو یاریگەی خۆی توانی لە زەوڕا بباتەوە، ئەمەش دووەمین سەركەوتنی یانەكە بوو لە مێژووی خۆیدا بەرامبەر زەوڕا، بەوپێیەی پێشتر لە 2020 لە نێو یاریگەی شەعب زاخۆ بە گۆڵێكی زیاد ئەحمەد شكستی بە زەوڕا هێنا بوو.
زاخۆ بووە دووەمین یانەی كوردستانی لەم هەفتەیە سەركەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی یانەی هەولێریش لە نێو یاریگەی خۆی گۆڵبارانی ئەمانەی بەغدای كرد و (4ـ 1) یارییەكەی بردەوە، یانەی نەورۆزیش لەبەردەم هاندەرانی بە گۆڵێك بۆ هەرلایەك لەگەڵ شورتە بەرامبەربوو، تەنیا یانەی دهۆك لەم هەفتەیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دۆڕا.
یانەی زاخۆ چوارەمین سەركەوتنی لەسەریەكی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد، ئەمە سەركەوتنی هەشتەمی بوو لەم وەرزە، بە تۆماركردنی 28 خاڵ بۆ خانەی سێیەمی ریزبەندی سەركەوت.
زاخۆ رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی كەربەلا، دواتر لە نێو یاریگەی خۆی لە رۆژی شەممەی داهاتوو باوەش بۆ یانەی نەفتی وەسەت دەكاتەوە.

