زۆرینەی هاووڵاتییانی تورکیا، بەهۆی بەرزی نرخەکەی توانای کڕینی گۆشتیان نییە

ئەقەرە، پایتەختی تورکیا
ئەقەرە، پایتەختی تورکیا

K24 – ئەنقەرە:

ماوەی چوار ساڵە، رۆژ لەدوای رۆژ لە توركیا و باكووری كوردستان، دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت و نرخی كاڵاكانیش بەرزتر دەبێتەوە، بە جۆرێك نرخی خواردەمەنی رۆژانە بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و زۆرینەی هاووڵاتییانی تورکیا توانای کڕینی گۆشتیان نەماوە، هاووڵاتییان ترسیان هەیە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، نرخەكان بەرزتر ببنەوە.

نرخی سەبەتی خۆراک لە تورکیا بۆ مانگی رەمەزان دیاریکراوە و نرخەکەی بە رێژەی 63% بەرزبووەتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر کاریگەری بەرزی هەڵاوساندان باس لە بەرزی نرخەکان دەکەن و بەشێکیان دەڵێن: ئەمساڵ وەکو ساڵانی رابردوو ناتوانن پێشوازی لە مانگی رەمەزان بکەن.

بۆڵەند بۆرسان، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رەمەزان مانگێکی پیرۆزە و لە راستیدا پێویستە نرخەکان بەرزنەکرێتەوە ئێمە هەموومان دەڵێن موسڵمانین، بەڵام هەموو لەپێناو بەرژەوندی خۆمان فێڵ لە یەکتر دەکەین  و نرخەکان بەرز دەکەینەوە".

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی حەسەن یەڵدەر، دەڵێت: "پێویستە حکومەت چارەسەری ئەم دۆخە بکات، شتێک کە بە 100 لیرە بوو ئێستا 300 لیرەیە، ئەوەشی 300 لیرە بوو بووەتە 600 لیرە، ماوەیەکی زۆرە نەمتوانیوە گۆشت بکڕم لە پشتی جامی دوکانەکانەوە بە حەسرەتەوە سەیردەکەم".

سەبەتەی خۆراک، کە بە سەبەتەی هەڵاوسان ناسراوە و گۆڕانکاری نرخی مانگانەی 409 بەرهەمی خۆراکی تێدایە، ساڵی رابردوو سەبەتەیەکی خۆراک کە 20 جۆر خۆراکی وشکی لەخۆ دەگرت 549 لیرە بوو، ئەمساڵ بە زیاتر لە 900 لیرەیە واتە %63 نرخی خۆراکی سەرەتایی هاووڵاتییان بەرزبووتەوە بە لەبەرچاوگرتنی کەمترین مووچە و كرێی خانوو و تەندروستی پێویستیەکانی دیکە ژیان هاووڵاتیان لە بارودۆخێکی سەختدان.

لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی خۆراک لە تورکیا بەڕێژەی 15.7% بەرزبووەوە، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵاوسانی ئابووری و داکەوتنی بەهای لیرە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کەمداهات هەیە و تا دێت توانای کڕین کەمدەبێتەوە و سفرەی خەڵکیش بچووکتردەکاتەوە.