ئەپیکۆر: هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان مانگانە یەک ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت

کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر)
کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر)

K24 - هەولێر

ئەپیکۆر رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرابێت و، دەشڵێت، هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان مانگانە یەک ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت.

کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر) راگەیەندراوێکی لەبارەی بانگەشەی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق سەبارەت رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و، زیانە ماددییەکانی هەناردەنەکردنی نەوتەکەی بڵاوکردەوە.

ئەپیکۆر لە راگەیەندراوەکەیدا رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەولەتییەکانی نەوت کرابێت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لەرێی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.

کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کۆمپانیا ئەندامەکانی نێو ئەپیکۆر پێشوازی لە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەکەن. بەداخەوە، تا ئەم ساتەش، هیچ جۆرە پێشنیارێک یاخود بەرنامە و پڵانێکمان پێشکەش نەکراوە لە لایەن هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاخود حکومەتی عێراق سەبارەت بەو رێکەوتننامەیەی کە پێویستە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەم دواییە، چەندین هەواڵی بێ بنەما لەلایەن هەندێک بەرپرسی پلە باڵای حکومەتی عێراق لە میدیاکانەوە بڵاوببوونەوە گوایە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەولەتیەکانی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی کارەکانیان دەستپێبکەنەوە و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەستپێبکاتەوە. لەڕاستیدا، هێشتا نازانین کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم هەواڵە ساختانە چین و بۆچی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام دەزانین کە عێراق بۆ هەر مانگێک کە بۆری نەوتەکەی نێوان عێراق و تۆرکیا داخراو بێت، یەک ملیار دۆلار زەرەر دەکات".

لەبارەی هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ئەپیکۆر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان ئاگاداری ئەوەن کە "چەندین کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەولەتییەکانی نەوت لە رۆژانی 7 بۆ 9 مانگی کانوونی دووەم 2024 لە بەغدا بەرێوەچوون کە تیایاندا نوێنەرەکانی کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکۆریش بەشدار بوون؛ بەڵام تا ئێستا ئەپیکۆر هیچ پێشڤەچوونێکی کۆنکریتی و بەرچاو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تێبینی نەکردووە".

ئەپیکۆر لە کۆتایی راگەیەندراوکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی "ئەندامانی ئەپیکۆر هاوکات بە ئامادەیی دەمێنێنەوە بۆ ئەوەی لەگەل هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆببنەوە بۆ ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کێشەکان چارەسەر بکەن". 

فەلاح مستەفا: تورکیا ئامادەیە نەوتی کوردستان هەناردەبکاتەوە

رۆژی شەممە، 02-03-2024، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری بەندەری جەیهانی تورکیاوە؛ گوتی، "ئێستا تورکیا ئامادەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە، بەڵام ئەم پرسە زیاتر لەگەڵ بەغدا ماوە".

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر کاتێک هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان (لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە) دەستپێدەکات".

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە. به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.