دهۆك داوای گۆڕینی یاریگەی هەولێری كردووە
تانەكەی یانەی دهۆك بۆ هەڵگرتنی سزایەكەیان ڕەتكرایەوە و پێشنیاركراوە یاریی داهاتوویان لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بكەن، بەڵام دهۆك داوا دەكەن یارییەكەیان لە هەولێر نەكەن و بۆ یاریگەی زاخۆ بیگوازنەوە.
لە گەڕی شازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، دوای ئەوەی دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی 2 ـ 1 لە كەربەلای بردەوە، بەبیانووی هەڵسوكەوتی ناوەرزشی بەرامبەر ناوبژیوانان و بەرزكردنەوەی دروشم لە نێو یاریگە، دهۆك بۆ یەك یاریی لە نێو یاریگەی خۆیان سڕ كران و دەبێت یاریی داهاتوویان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەبێ هاندەر بكەن و 10 ملیۆن دیناریش وەكو پێبژاردن بدەن.
دواتر یانەی دهۆك تانەی لە بڕیارەكە دا و داوای هەڵگرتنی ئەو سزایەی كرد، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی تانەكەی دهۆك ڕەتكرایەوە.
لەلایەكی دیكەیشەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق یاریگەی فرەنسۆ هەریری بۆ یاریی داهاتووی دهۆك بەرامبەر كارەبا هەڵبژاردووە كە بڕیارە یارییەكە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە كاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بكرێت.
شڤان محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆك لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند كە پێشنیارمان كردووە یارییەكەیان لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری نەكەن، دەشڵێت: یاریگەی فرەنسۆ هەریری زۆر ئامادە نییە، بۆیە داوامان كردووە یارییەكەمان بۆ نێو یاریگەی زاخۆ بگوازرێتەوە و رێگە بە ئامادەبوونی هاندەرانیش بدرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24ـیش ئەمڕۆ شاندی یانەی كارەبا بۆ رووبەڕبوونەوەی دهۆك گەیشتووەتە شاری هەولێر.