زێدان لە نێوان ئەم بژاردانە خۆی یەكلایی دەكاتەوە

زەینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید
زەینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید

بە گوێرەی میدیایەكانی ئەوروپا، زەینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی، بڕیاری كۆتایی داوە و دەگەڕێتەوە كاری راهێنەرایەتی، لەم پێناوەیشدا چەندان بژاردەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی هەڵیبژێرێت.
رۆژنامەی لكیپی فەرەنسا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، ناسنامەی ئەو یانە و هەڵبژاردانەی ئاشكرا كردووە كە دەیانەوێت زیدان بكەنە راهێنەری تیپەكانیان.
یانەی یوڤێنتۆس لەمێژە خواستی ئەوەی هەیە لەسەر دەستی زەینەدین زیدان بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی، پێشتریش زیزۆ كاتێك وەكو یاریزان ئەو یانەیەی جێهێشتووە بەڵێنی پێداون رۆژێكدا بێت بگەڕێتەوە باوەشی خانمەپیرەكەی تۆرین.
لە لایەكی دیكەیشەوە بایرن میونشن ئەم وەرزە بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە ئازارێكی زۆر دەچێژێت، بەوپێیەی بە جیاوازی 10 خاڵ لە یانەی لیڤەركووزنی پێشەنگی بۆندزلیگا دووركەوتووەتەوە، تەنانەت یانە باڤارییەكە نزیكە لە قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی بكات، دوای ئەوەی بە گۆڵێكی بێوەڵام بەرامبەر لازیۆ دۆڕا و هاندەرانی بە تەواوەتی نائومێد كرد.
لیڤەرپوول یەكێكی دیكەیە لەو یانانەی بیری لە گرێبەستكردن لەگەڵ زیدان كردووەتەوە، بەوپێیەی لە كۆتایی ئەم وەرزە یۆرگن كڵۆپ یانەكە جێدەهێڵێت، رێدز سەرقاڵی ئەوەیە لە ئیستاوە شوێنگرەوەیەك بۆ ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بدۆزێتەوە، زیدان و ئالۆنسۆ لە نێو لیستی راهێنەرە دڵخوازەكانی یانە ئینگلیزییەكەیە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، یانەی چێڵسی لەندەنیش داخوازی زیزۆی كردووە، بەوپێیەی یانەكە چەندان راهێنەری گۆڕیوە كەچی باری لاسەنگی هەر راست نەبووەتەوە، ئێستاش لەژێر سەرپەرشتی ماوریزیۆ پۆچیتینۆ لە دۆخێكی ناجێگیر و خراپ دایە.
یانەی پاریس سانجێرمان هێشتا بە ئاواتە رۆژێكدا بێت زەینەدین زیدان ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرێت و یانەكە بۆ یەكەمجار بە نازناوی چامپیۆنزلیگ شاد بكات، بەڵام هێشتا زیزۆ بۆ ئەم ئەركە خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە، بەڵام میدیایەكانی فەرەنسا بە نزیكی دەزانن رۆژێكدا بێت زیدان ئەو ئەركە وەربگرێت.
هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە هەڵبژاردەكانی فەرەنسا، ئەمریكا، بەرازیل و ئینگڵتەرا ئارەزووی ئەوەیان هەیە زیدان مۆندیالی 2026 بكەنە راهێنەری تیپەكانیان.

Fly Erbil Advertisment