بارسێلۆنا سوپرایزێكی بۆ كلاسیكۆ هەیە

لەگەڵ نزیكبوونەوەی یاریی كلاسیكۆی ئیسپانیا كە بڕیارە لە رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت، زۆرترین قسە و باس لەبارەی پێكهاتەی هەردوو یانە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی لەسەر بێبەشبوونی چەند یاریزانێك لە كلاسیكۆ هەیە.
بارسێلۆنا سوپرایزێكی بۆ هاندەرانی هەیە پێش ئەوەی لە كلاسیكۆ رووبەڕووی ریال مەدرید بێتەوە، ئەویش ئامادەبوونی یەكێك لە جەنگاوەرەكانیەتی كە مەترسی دوورخرانەوەی لە كلاسیكۆ لێدەكرا.
بارسێلۆنا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پێدری لە ماسولکەی ڕانی ڕاستی تووشی پێکان بووە، باس لەوە دەكرا ئەو یاریزانە بۆ ماوەی 5 تا 6 هەفتە لە یاریگاكان دوور دەکەوێتەوە، بەمەش مەترسی ئەوەی كەوتە سەر ئەو یاریزانە لە كلاسیكۆی داهاتوو لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی نەكات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ـی ئیسپانیا، لە نوێترین پشكنینەكانی پێدری دەركەوتووە پێكانەكەی پێدری نوێیە و هەمان پێكانی پێشووی نییە، پێكانەكەی سەخت نییە، لە ماوەیەكی كەمتر لەوەی پێشبینی دەكرا دەگەڕێتەوە یاریكردن، رەنگە لە یاریی ئێل كلاسیكۆ بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە بێت.
پێدری گۆنزالێزی تەمەن 21 ساڵ، ئەمە دووەمین پێكانی قورسی ئەو یاریزانەیە لەم وەرزە، لە كۆی 27 گەڕی لالیگا پێدری تەنیا بەشداریی لە 16 گەڕ كردووە و بەهۆی پێكانەوە لە 11 یاریی ئەم وەرزە بێبەشبووە.
