نرخى گۆشتى سوور لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بەرزبووەتەوە و رێكارەكان بۆ دابەزاندنی گیراونەتەبەر

K24 - سلێمانی:
نرخى گۆشتى سوور لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بە بەرزى ماوەتەوە، بەو هۆیەشەوە یەکێتى هاوردە و ناردنکارانی هەرێمى کوردستان هەوڵەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە دەستپێکردووە بەمەبەستى گرتنەبەرى رێکارى پێویست بۆ دابەزاندنى نرخى گۆشت.
ئاسۆ عومەر، كه ماوهی چهندین ساڵه گۆشتفرۆشه، لهو بارهیهوه به كوردستان24ـی راگهیاند، لەو کاتەوەى گۆشت گران بووە ئەگەر رۆژانە 20 سەرئاژەڵى سەربڕیبێت ئێستا تەنیا رۆژانە 3 سەر ئاژەڵ سەردەبڕێت، چونکە خەڵک زۆر بەکەمى گۆشت دەکڕێت.
گوتیشی، لهو كاتهوهی دهڵێن نرخی گۆشت دادهبهزێت، ئەو رۆژەی کە قسەیان لەسەر کرد بە 10 هەزار روبعێک کەم بوو، ئێستا بووە بە 9 و نیوه و 9 و 600 دینار، گۆڕانکارییەکی بەخۆوە نەدیوە.
لهلای خۆیهوه مستەفا رەحمان، سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان به كوردستان24ـی راگهیاند، "ئێمە وەکو یەکێتی هاوردەو ناردنکاران هەوڵمان دا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژ بکەین بۆ ئەوەی کەوا بڵێین ئایا ئەم رێگایە بۆچی لەم کاتەدا کەوا رەمەزانە قەدەخە دەکرێ، ئاژەڵی زیندوو تا ئێستا هاتووە بۆ نایەت؟"
روونیشیكردهوه بۆ ئهو مهبهسته، حوجەتوڵا مەلەکی کە بهرپرسی هەموو مەرزە نێو دەوڵەتییەکانی ئێرانە پيش سێ مانگ سەردانی سلێمانی کرد و "کۆنفڕانسێکمان بۆ بەست، ئەمڕۆش نوسراوێکمان بۆ نووسیوە کە داوامان لێکردووە بۆمان روون بكاتهوه بۆ نایەت لەم کاتەدا؟"
وڵاتانى ئێران، سووریا، جۆرجیا و ئەرمینیا دیارترین ئەو وڵاتانەن کە ئاژەڵ بۆ هەرێمى کوردستان هەناردە دەکەن بە پێى بەدواداچوونەکان لەو وڵاتانەش نرخى ئاژەڵى زیندوو بەرز بووهتەوە بۆیە لە هەرێمى کوردستان و زۆرینەى وڵاتانى جیهان گۆشت گران بووە.
لە سەرەتای گرانبوونی نرخی گۆشت هەوڵەکان بەردەوام بەو ئاڕاستەیەدا بوون کە ڕێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخەکەی بگیرێت، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتە، کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕەکان کردووە و فرۆشیارانی گۆشت، دەڵێن بازاڕمان زۆر سست بووە بۆیە پێش هەموو کەس ئەوان چاویان لەوەیە نرخەکەی دابەزێت.