سعوودیە یەکەم رۆژی رەمەزانی دیاریکرد

مانگی رەمەزان
مانگی رەمەزان

K24 - هەولێر:

وڵاتەکانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات بڕیاریاندا سبەی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.

دوای ئەوەی دادگای باڵا لە سعوودیە بڕیاریدا سبەی دووشەممە (11ـی ئاداری 2024) یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز بێت، هەریەکە لە وڵاتەکانی ئیمارات و قەتەریش سبەی دووشەممەیان وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.

هەرچەندە پێشتر راگەیەندرا، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، لە روانگەی چاودێریکردنی مانگ لە ناوچەی تەمیر لە سعوودیە مانگ نەبیندرا و چاوەڕێی روانگەکانی دیکە دەکرێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی لە بارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان لەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیانەوە هەر یەکە لە وڵاتەکانی ئێران، مالیزیا، ئوسترالیا، برۆنای، ژاپۆن، سەنگاپوورە و ئەندەنووسیا و پەیڕەوانی شیعە لە عێراق رایانگەیاندبوو کە رۆژی سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزبێت و سبەی دووشەممە تەواوکاری مانگی شەعبان بێت.