ماکرۆن رەشنووسی یاسایەک بۆ مردنی ئارەزوومەندانە رادەگەیێنێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لە مانگی نیساندا رەشنووسی یاسایەک سەبارەت بە "مردنی ئارەزوومەندانە لە ژێر مەرجی توند"دا پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، دواتر لە مانگی ئایاردا رەشنووسەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی نیشتیمانی دەکرێت و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە ڕۆژنامەکانی لا کروا و لیبراسیۆنی گوت، ئەو نەخۆشە پێگەیشتوانەی بەدەست نەخۆشییەکی چارەسەرنەکراوەوە دەناڵێنن کە لەماوەی کورتخایەن یان مامناوەند دا چارەسەر ناکرێ و ئازارەکانیان کەم نابێتەوە"، ئەوە دەتوانن "داوای هاوکاری بە ئامانجی مردن بکەن".

لیستی کەسانی دوورخراوە

ئاماژە بەوەکراوە، منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونی یان دەمارگیری هەیە کە کاریگەرییان لەسەر توانای جیاکاری هەیە، وەک نەخۆشی ئەلزەهایمەر، بەدەر دەکرێن لە یاساکە.

ئەگەر بۆچوونێکی بەکۆمەڵ ئەرێنی لە تیمێکی پزیشکییەوە وەربگیرێت، مادەیەکی کوشندە بۆ کەسی پەیوەندیدار دەنووسرێت، کە دەتوانێت خۆی یان بە یارمەتی کەسێکی دیکە بیخوات ئەگەر لە رووی جەستەییەوە بێتوانا بێت.

دوورکەوتنەوە لە زاراوەی مردنی ئارام و خۆکوشتن

هەروەها ئەگەر ئەم کردەوەیە بەراورد بکرێت بە جۆرێک لە خۆکوشتن بە هاوکاری پزیشک، ماکرۆن دەڵێت: دەیەوێت خۆی لەم زاراوەیە بەدوور بگرێت، چونکە مشتومڕ لەسەر ئەم بابەتە زۆرە لە فەرەنسا.

یاسای ئێستا کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، رێگە بە "سڕکردنی قووڵ و بەردەوام" دەدات بۆ ئەو نەخۆشانەی کە هیچ هیوایەکیان بۆ چاکبوونەوە نییە و بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن، کە ناتوانرێت کەم ئازارەکانیان کەم بکرێتەوە، بەڵام رێگە بە خۆکوشتن بە هاوکاری کەسانی دیکە یان مردنی ئارەزومەندانە نادات.

بەڵێنێکی هەڵبژاردن لەلایەن ماکرۆنەوە

ماکرۆن راشیگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵدا، "ئێمە بەگوژمەی ملیارێک یۆرۆی زیادە وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەکەین"، ئەمە جگە لەو 1.6 ملیار یۆرۆیەی ئێستا بۆ چاودێری پاڵپشتی تەرخانکراوە.

گۆڕینی یاسای کۆتایی هێنان بەژیان لە ساڵی 2016 یەکێک بوو لەو بەڵێنانەی هەڵبژاردن کە ئیمانوێل ماکرۆن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دابووی، بەڵام دوای پێکهێنانی کۆنفرانسی هاووڵاتیان لەسەر ئەو پرسە، چەند جارێک بڕیارەکەی دواخست.

هەموارکردنەوەی یاسای فەرەنسا

ماکرۆن کە ماوەیەکە بەنیازە یاسای فەرەنسا لەم پرسە هەستیارەدا هەموار بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پێشوەختە ڕێنماییەکانی" خۆی نووسیوە سەبارەت بەو چاودێریەی کە مرۆڤ دەیەوێت یان نایەوێت وەریبگرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ژیانی.

جێگای سەرنجە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی یاساکە ڕێگە بەمردنی ئارەزومەندانە یان خۆکوشتن بە یارمەتی پزیشک دەدات، بەلجیکا و هۆڵەندا 20 ساڵ لەمەوبەر یەکەم دوو وڵاتی ئەوروپی بوون کە مردنی ئارەزومەندانەیان بە یاسایی کرد.

لە ئیسپانیا یاسایەک هەیە کە رێگە بە کۆتاییهێنان بە ژیان دەدات، لە مانگی حوزەیرانی 2021ەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا سویسرا رێگەی جیاواز بۆ مردنی یارمەتیدەر بەکاردەهێنێت.