کەشناسی هۆشداری دەدات

شەپۆلێکی تاوەباران و بروسکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی گرنگی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی دوو نزمە پەستانی دەریا سپی ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلێکی تاوەباران و بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەر لافاو لە ناوچە دەشتاییەکان هەیە.

بە گوێرەی ئەم هۆشدارییەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاوی کردووەتەوە، کاریگەرییەکانی هەردوو نزمە پەستانەکەی دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور، لە ئێوارەی سبەی هەینییەوە دەستپێدەکات و تاکوو یەکشەممە 8ـی ئەم مانگە، ئاسمانی هەرێم ناسەقامگیر دەبێت و شەپۆلێکی تاوەباران و برووسکە ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەگرێتەوە.

کەشناسی هۆشداری دەدات، لەم سێ رۆژەدا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە گشتی و لەناوچە دەشتاییەکاندا بەتایبەتی، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و مەترسی هەورە تریشقە هەیە.

هەروەها رایگەیاندووە، لە هەر گۆڕانکارییەکی نوێدا، بە خستنەڕووی پێشبینی نوێکراوە بۆ کەشوهەوا، هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە. 

پێشبینی دەکرێت بڕی باران بە ملیمەتر لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەمشێوەیە بێت:

هەولێر: 4 بۆ 6 ملم

سلێمانی: 6 بۆ 9 ملم

دهۆک: 2 بۆ 4 ملم

کەرکووک: 5 بۆ 8 ملم

هەڵەبجە: 6 بۆ 9 ملم

ئیدارەی گەرمیان: 7 بۆ 6 ملم

ئیدارەی زاخۆ: 9 بۆ 6 ملم

ئیدارەی سۆران: 12 بۆ 8 ملم

ئیدارەی راپەڕین: 10 بۆ 8 ملم

 پێشبینی بڕی بارانبارین بە ملیمەتر بۆ یەکشەممە بەمشێوەیە دەبێت:

هەولێر: 8 بۆ 10 ملم

سلێمانی: 6 بۆ 8 ملم

دهۆک: 2 بۆ 4 ملم

کەرکووک: 6 بۆ 8 ملم

هەڵەبجە: 6 بۆ 8 ملم

ئیدارەی گەرمیان: 7 بۆ 6 ملم

ئیدارەی زاخۆ: 9 بۆ 6 ملم

ئیدارەی سۆران: 12 بۆ 8 ملم

ئیدارەی راپەڕین: 20 بۆ 15 ملم