راگەیاندنەكانی ئێران: پێشمهرگه لهو ناوچانه ناكشێتهوه كه ئازادی كردوون
K24 - ههولێر:
راگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەگرنگییەوە باسیان لە ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ رزگارکردنی دەوروبەری موسڵ کردووە، زۆربەیان دەڵێن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە، لەو ناوچانە بکشێتەوە کەرزگاریان کردووە،و ئەوە بەسەرەتای دابەشبوونی عێراق دەزانن.
رۆژی یەكشەممە پێشمەرگەکانی کوردستان لە میحوەری خازرو گوێر ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرەو موسڵ دەستپێکرد، لە یەکەم هەنگاودا چەندین گوندیان لەو سنوورە لەدەست چەکدارانی داعش رزگارکرد, بەو رادەیە کە لەرزگارکردنی موسڵیش نزیك دەبنەوە، میدیاکانی ئێرانیش زۆرتر باس لەمەترسی پاش رزگارکردنی موسڵ دەکەن.
رۆژی یەکشەممە ئاژانسهكانی ههواڵی تەسنیم، فارس و ئیرنا, یەك گۆشەیان لەو ئۆپەراسیۆنە گرتووە، ماڵپەری تابناکی نزیك لە موحسین رەزایی و سەر بەسوپای پاسداران لەراپۆرتێکدا دەڵێ: "گرتنەوەی موسڵ سەرەتای دابەشبوونی عێراقە، ئەوەش مەرجی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بووە".
بەپێی راپۆرتەکەی تابناك بارزانی بە مەکگورکی گوتووە کە پێشمەرگە لەو ناوچانەی رزگاری دەکات، ناکشێتەوە، بە راشکاویش بەنوێنەری ئۆبامای راگەیاندووە کە دوای رزگارکردنی موسڵ, کوردستان پابەندی داڕشتنەوەی سیاسی و جوگرافیایی پێشوو نابێت.
راپۆرتەکەی تابناك وەکوو ماڵپەرێکی گرنگ و نزیك لەناوەندی بڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران, باس لە لێدوانەکانی چەند ساڵی رابردووی مەسعوود بارزانی لەسەر پرسی دەوڵەتی کوردی دەکات و دەنووسێت: "مومکین نییە، بارزانی لەگفتوگۆ سیاسییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان باسی دەوڵەتی کوردی (تابناك بەدابەشکردنی عێراق ناوی هێناوە) نەکات".
راپۆرتەکەی تابناك راپۆرتێکی حەفتەی رابردووی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی دەهێنێتەوە و دەنووسێت: "کوردەکان ئامادەنین لەعێراقی داهاتوودا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق بمێنێت و رەنگە شەری دوای داعشی کوردەکان لە عێراق، شەڕی دابەشکردنی عێراق و ئەوەی کوردەکان پێی دەڵێن پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان بێت".