نرخی بەشێکی خۆراک و خواردەمەنییهكان لە ئێران سەدا 125 بۆ 290 بەرزبووەتەوە

K24 - هەولێر
لەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆماری ئێران؛ نرخی بەشێکی خۆراک و خواردەمەنییه سهرهكییهكان لە ئێران بە رێژەی %125 بۆ %290 بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە میدیای فارسی بڵاویکردووەتەوە، دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆماری ئێران؛ نرخی خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە بەڕێژەی نێوان %125 تا %290 زیادیکردووە. هەروەها نرخی گۆشتی سوور بە رێژەی چوار هێندە بەرز بووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەسەر ناوەندی ئاماری ئێران کراوە لەنێو ئەو پێداویستییە خۆراکیانەی کە نرخیان بەرزبووەتەوە بریتین لە: گرانبوونی نرخی برنجی ئێرانی بە رێژەی %148 و نرخی برنجی بیانی بەرێژەی %135 و، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بەرێژەی %290 هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بە رێژەی %194، نرخی دۆشاوی تەماتە بەرێژەی %153 و، شەکر بە رێژەی %150 بەرز بووەتەوە، هەروەها نرخی هێلکە بە رێژەی %175 و، تێکڕای نرخی زەیت بۆ 63 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە کە ئەم نرخە لە ئاستی رێژەییدا ،%165 زیاترە، لە نرخی رۆژی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆمار.
عەلی عەلیزادە نوێنەری ناوچەی مەراغە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: هەڵکشانی رێژەی هەڵاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخ و کاڵا و پێداویستییەکان، بەتوندی کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیان دروستکردووە و، بەگوتەی ئەو، ئێستا هاووڵاتیان لە بەهای دۆلار و سکە و، نرخی ئۆتۆمبێل ناپرسن ، بەڵکو خەمی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیانە.
ئەم بەرزبوونەوەیە لە نرخەکان، دەستڕاگەیشتنی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی بە خواردەمەنییەکان، کەمکردووەتەوە و، زۆرێک لە کەلوپەلەکان لە سەبەتەی خۆراکەکانیانی دوور خستووەتەوە.