پارێزگاری دهۆک: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شێخان ئەنجام دەدەین
K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی بۆ پرۆژەیەكی پیشەسازی پێشكەوتوو لە شێخان دانا و جەختی لەوە کردەوە، رەزامەندیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەرگیراوە و ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە لەو سنوورە ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، لە رێوڕەسمێکدا، لە ساڵیادی سەرھەڵدانی قەزای شێخان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری دھۆك و خەڵكی ناوچەكە بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار دینار بەردی بناغە بۆ پرۆژەیەكی پیشەسازی پێشكەوتوو دانرا.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر بەو بۆنەیەوە رەزامەندی نیشانداوە بە تەرخانكردنی بڕی زیاتر لە 11 ملیار و 700 ملیۆن دیناری دیكە بۆ جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوچەكە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممەش، 12-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەردانی قەزای ئاکرێ کرد و بەبۆنەی ساڵیادی راپەرینی ئاکرێ، بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار، بەردی بناغەی بۆ پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شارەکە دانا.
پارێزگاری دهۆک دووپاتیکردەوە، "سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییانەی بۆمان دروستدەکرێن و ئەو کۆسپانەی دێننە بەردەممان، کاراونی ئاوەدانی لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبێت."
د. عەلی تەتەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "هەر وەکو پێشتر گوتوومانە، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی خۆمان لە سنووری پارێزگای دهۆک لەمەودوا هەموو هەفتەیەک یان هەندێک پڕۆژە دەکرێنەوە یان بەردی بناغە بۆ هەندێک پڕۆژەی دیکە بەبێ جیاوازی لە سنووری هەموو قەزا و ناحیەکان دادەنێین".