حەیدەر حەنوون: لە داهاتوویەکی نزیکدا تۆمەتبارانی دزی سەدە دادگایی دەکرێن

حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق چارەنووسی تۆمەتبارانی دزی سەدە ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی دادگاییکردنی 30 تۆمەتباری پەیوەندیدار بە دۆسیەی دزی سەدە دادگایی دەستپێدەکات.

رۆژی هەینی (15ـی ئاداری 2024) دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند: دۆسیەی نور زوهێر، کە تۆمەتباری سەرەکییە بە دۆسیەی دزی سەدە، لە دادگای لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئێستا 30 تۆمەتباری دیکەش لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەکرێت کە رۆڵیان هەبووە لەو گەندەڵییە.

حەنوون ئاشکراشیکرد، بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسییەیە بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقیش لەخۆدەگرێت و بەشێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و هەندێکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات.

هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو گەندەڵییە و لەدوای دۆزینەوەی بەڵگەی تەواون بۆ زانینی هەموو ئەوانەی لە پشتەوەی دزینی ئەو بڕە پارە زۆرە بوونە.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، تۆمەتبارکردنی ئەو بەرپرسانە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەستیان لە دەرهێنانی پارە بە شێوەیەکی نەختینەی لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێکدا کە هەمیشە لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.

لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی رافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج پشتڕاست كرده‌وه‌، دادگای کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.

رۆژی (1ـی شوباتی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج بردرابوو، راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.

Fly Erbil Advertisment