شێوەکارێکی کوردی دانیشتووی ژاپۆن چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە

سمکۆ ئەحمەد، شێوەکاری کورد
سمکۆ ئەحمەد، شێوەکاری کورد

K24 - هەولێر

سمکۆ ئەحمەد، هونەرمەندی بواری شێوەکاری لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، یەکەمین کوردی باشوورم کە ژاپۆن رەگەزنامەی پێدام، بەهۆی  ئازارەکانەوە فڵچەم هەڵگرت و خۆشەویستیش بەردەوامی پێدام.

کوردستان24: چیرۆکی ژیانی تایبەتی سمکۆ ئەحمەد چۆنە؟

سمکۆ ئەحمەد: من سمکۆ ئەحمەد لە دایک بووی شاری سلیمانی ساڵی 1972 لە ساڵی 1996 ەوە لە ژاپۆن دەژیم، یەکەمین کوردی باشوور بووم کە ژاپۆن رەگەزنامەی ژاپۆنی پێدام، خاوەنی بروانامەی ماستەرم لە ئەندازیاری شارستانی زانکۆی تۆکیۆ و بەکالۆریۆس لەهەمان بواردا لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر و هەروەها بەکالۆریۆس لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تۆکیۆ لە ساڵی 1998 دوای گەشتم بۆ ژاپۆن لەگەڵ ڕێکخراوی مرۆڤدۆستی شنەبای ئاشتی ژاپۆنیدا لە ساڵی 1996، هەم وەکو ئەندازیار و هەم وەکو شێوەکارێک هاوکاریی قوربانیانی جەنگ و کارەساتە سروشتیەکانم کردووە لە چەندین وڵات کە ئازارەکان وا ئاڵۆزکابوون بە ژیانەوە زەحمەت بوو لێکیان جیا بکەیتەوە؛ لە کوردستانی ئەنفال کراوەوە بۆ کۆسۆڤۆی غەمبار و بۆسنیای خوێناوی و لەوێشەوە بۆ سیرالێۆن و لایبریای ئەفریقای برسی و خویناوی جەنگەکانی مافیای ئەڵماس، لەوێشەوە بۆ کابول و ئەفغانستانی تاڵەبان و وێران و برسی و خویناوی، تەمەنی گەنجی بیستەکان و سییەکانی ژیانم لە نێو ئەو جەنگ و کارەساتە سروشتیانەدا بردۆتە سەر، لە ساڵی 2012 ەوە لە ووڵاتی بەریتانیا دەژیم هەر سەرقاڵی کاری ئەندازیاری و هونەری شێوەکاریم. خاوەنی چوار کتێب و کتێبچەی هونەریم کە ئەمانەن، ڕەنگەکانی بەهەشت ساڵی 2010، بەهار هەرگیز نامرێت 2011، باران ئارت 2012، چۆلەکەکانی بەهەشت 2019، تەوەر و شێوازی هونەری.

کوردستان24: تەوەر و شێوازی هونەری شێوەکار سمکۆ ئەحمەد چۆنە؟

سمکۆ ئەحمەد: من هونەرمەندێکی ئێکسپیرمانتاڵم، بەردەوام لە گۆڕانکاریام حەز بە چەقبەستووی ناکەم لە هونەردا، بەس زیاتر خەونەکانم لە نیوان سنووری  کۆنتێمپرەری سوریالیزم و ئەبستراکتا دەسوڕێنەوە، بە ڕای من ئیمەی مرۆڤ بەردەوام چێژی هونەریمان لە گۆڕاندایە لە هەر چاپتەرێک یان ویستگەیەکی ژیاندا خەونێکی جیاوازمان هەیە، زۆر جار من ئەو پرسیارەم لێ دەکرێ کە بۆ لەسەر ستایڵێک جێگیر نابم؟ منیش دەڵێم هەر کاتێک وەکو تاکێک توانیم لە ژیانی تایبەتیمدا جێگیر ببم ئەو کاتە لە ستایڵی هونەریشدا جێگیر دەبم! من خۆم بە هونەرمەندێکی گەڕیدە دەزانم، بە هۆی کارەکەشمەوە لەگەڵ ڕێکخراوی شنەبای ئاشتی ژاپۆنیدا زۆر زەوی حەزین گەڕاوم و کارە هونەریەکانیشم زادەی تەجروبەکانی ژیانی خۆمن لەو گەشتانەمدا، لە لەقلەقەکەی شیخەوڵاوە بۆ قریشکەی  کۆسۆڤۆی سپی ساردی خویناوی لەوێشەوە بۆ ئەفریقیا و خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانی  مناڵە تاریکەکانی سیرالیۆن و لایبریا. لە ئەفغانستانی برسی و شەکەتەوە بۆ تسومانی ژاپۆن، کارەکانی من گەشتێکن بە ناو زەوی یە حەزینەکانی جیهانا، لە ئازاری مرۆڤەکان هەمان ئازار بوون و وەلێ زمانی ئازارەکان جیاواز بوون، ماوەی ساڵێک بۆ دوو ساڵ کە لە و ووڵاتانە دەژیام، جگە لە هاوکاری ئەندازیاری بۆ بونیاتنانەوەی شارو گوندە روخاوەکان، ویرکشۆپ و چالاکی هونەریشم ساز کردوە بۆ مناڵەکانی وولاتانی جەنگ، بیرمە ساڵی 2002 کاتێک لە ئەفریقیا بووم منداڵەکان لە کەمپی ئاوارەکانی سیرالێۆندا سەبارەت بە جەنگ و چەک هەموو شتێکیان دەزانی بەس خەونە منداڵیەکانی خۆیان لە بیر کردبوو، دوای ئەوەی قوتابخانەیەکم بۆیان دروست کرد بە بۆنەی کردنەوەی قوتابخانەکە ویرکشۆپێکم کردەوە بۆ مناڵەکان تا فێری نیگار کێشانیان بکەم کە یەکەمجار بۆیە پاستیلەکانیان بینی وویستیان بیخۆن وایان دەزانی شیرینییە، گەڕانەوەی ئەم مناڵانە بۆ خەونە سروشتی یەکانی خۆیان کارێکی ئاسان نەبوو ، هەر لەو کەمپەدا پێشانگای تایبەتی خۆشم کردەوە لەگەڵ مناڵە ئاوارەکان لە ژێر ناوی ( خەونە ڕەنگاورەنگەکانی مناڵە تاریکەکان  colourful dreams of the dark kids ).

من زۆری کات کانڤاسەکانم دەسکردی خۆمن لە چادری ئاوارەکان کانڤاسەکانم درووست دەکەم تا کانڤاسەکەش ببێتە بەشێک لە چیرۆکی کارەکەم، هەروەها من حەز دەکەم لە ڕێگای هونەرەوە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی بەشەر بکەم.

کوردستان24: نمایشی هونەری لە سەرانسەری جیهان چۆن دەگوزەرێ؟

سمکۆ ئەحمەد: لەکوردستان پێش ئەوەی بچمە ژاپۆن، سێ پێشانگای تایبەتیم هەبوون لە سلێمانی و دهۆک، دوای ئەوەی چومە ژاپۆنیش لەوێ بومە دەستەی باڵای ڕێکخراوی هونەری JAALA (Japan , Asia , Africa and Latin America art association)

هەروەها ئەم ڕێکخراوە پێش ئەوەی کە بچمە ژاپۆن ساڵی 1994 رۆژنامەنوسێکی ژاپۆنی کە ئەو کات لە کوردستان بوو کاری سێ هونەرمەندی کوردی لەگەڵ خۆیا برد بۆ جالا بێنالێی ساڵی 1994 کە سێ کاری من و مامۆستا ئیسماعیل خەیات و کاک نامیق حەمە فەرەج بوون، ئەوە یەکەمین بەشدار بوونی هونەرمەندانی کورد بوو لەو چالاکی یە هونەریەدا، منیش کە ساڵی 1996 چوومە ژاپۆن ئەو ڕێکخراوە پێشوازیەکی چاکیان لێکردم بە تایبەتی دامەزرێنەری جالا کە سەرۆکی کۆمەڵەی رەخنەگرانی ژاپۆنیش بوو کاک هاروی ئیچیرۆ (Harui Ichiro )یادی بەخێر ساڵی 2012 کۆچی دوایی کرد، من لە ساڵی 1998 ەوە بومە ئەندامی دەستەی باڵای جالا بێنالێ بۆ هەر خولێک 10 بۆ 15 هونەرمەندی کورد و ئەمریکای لاتینیش بانگهێشت دەکەم هەم شێوەکار و هەم نمایشکەر پیرفۆرمانسەر، بۆ هەر خولێکیش کۆرنەری کوردستانمان هەیە کە ناوی کوردستانی لەسەر نوسراوە لە هۆڵی پلە یەکی مۆزەخانەی تۆکیۆ میترۆپۆلیتان ئارت دەکريتەوە.  جگە لە جالا بێنالێ من بەشداریم لە پتر لە 50 بێنالێ و ترینالێ جیهانیدا کردوە وەکو فلۆرەنسا بێنالێ لە ئیتالیا یاخود لەندەن بێناڵێ لە بەریتانیا و یۆکۆهاما ترینالێ لە ژاپۆن،  سی ئۆل بینالي و کوانجو بێنالێ لە کۆریای باشوور، وە تا ئیستاش خاوەنی 15 پێشانگای تایبەتم لە کوردستان و ژاپۆن و وولاتە ئەوروپیەکان  و کەنەداو ئەمریکاو سیرالیۆن و ئەفگانستان چەندان وڵاتی دیکەم.

کوردستان24: پەیامی هونەری سمکۆ ئەحمەد چییە؟

سمکۆ ئەحمەد: (ئازار فڵچەی پێ هەڵگرتم و خۆشەویستیش بەردەوامی) هونەر ئەو نامە ڕەنگین و ئینسانیەیە کاتێک پەنجەکانی بیر لەسەر دەنگەژێکانی هزرو جوانی و حەقیقەتدا سەما دەکەن، هونەرمەند ئەو نامەیە دەخاتە پۆستی ویژدانی بەشەریەتەوە و بە ڕێگا ڕاست و پانەکانی مێژوودا دەیانگەڕینێتە ناو فراوانی بیرو ڕووناکی چاو و ئەوینی دڵی ئینسانەوە.

ئەگەر نامەی هونەرمەند نامەی راستی کێشەکانی ئینسان و بەردەبازی ئازادی و یەکسانی نەبێت ئەوا هەرگیز دەرگای مێژووی لەسەر واڵا ناکرێ و هونەرمەندیش وەک نیشتەجێ یەکی دەرەوەی ئەو میژووە نابینایەکی دوا ڕۆژ دەمێنێتەوە، بۆیە وای بۆ دەچم هونەر کەمانچەیەکە و کێشەکان کەوانی سەر ژێکانی فیکر و جوانی ئەو  سیمفۆنیا سەردەمەیە کە بە پەنجەی کۆڵ و خواری بیری کۆنەپەرست و تاریک ناژەنرێن، بەڵکو بەو دەستانە دەژەنرێن کە هەرگیز بۆ تاوان و چەوسانەوە چەپڵە لێ نادەن.

دەبا لەڕێی پەنجەکانەوە هەموو شتە ناسکەکان بەهادارەکان ڕوناکەکان بەناو دونیای هونەری راستەقینەدا پەخش ببنەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو هەتاوە گەشەی کە هەتا هەتایە تیشک بهاوێژێ بۆ ئینسان.


 

Fly Erbil Advertisment