ئالان حه‌مه سه‌عید: ریفۆرم و پێداچوونەوە به پرۆگرامەکانی خوێندن بەردەوامە
K24 – هەولێر:
وه‌زیری په‌روه‌رده رایده‌گه‌یه‌نێت، ریفۆرم و پێداچوونەوە به پرۆگرامەکانی خوێندن بەردەوامە.
له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "ریفۆرم و پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن و دانانی پرۆگرامی نوێ بەردەوامە، سەرمەشقی ئەو ریفۆرم و گۆڕانکارییانە ژمارەیەک توانا و لێهاتوویی نیشتمانی ناوخۆیین كه دڵسۆزانە و لێبڕاوانە کاردەکەن".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه "دیزاینی نوێی کتێبەکان هاندەرن بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر سەرنجی قوتابییان و خوێندكاران رابکێشێت".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "دەستخۆشی بۆ ئەو دیزاینەرە ناوخۆییانەی توانیویانە کاری مەزن لە دیزاینکردنەوەی کتێبەکانی خوێندن بکەن".
وه‌زیری په‌روه‌رده ده‌شڵێت: "له ساڵی خوێندنی 2024 - 2025 ، کتێبی نوێی ( زانستەکان) لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەست دەبێت، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پێوەی ماندووبوون" .
پێشتریش سامان سیوه‌یلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان به کوردستان24 راگەیاندبوو، لە پشووی هاویندا هەنگاوی زۆرباش نراون وەکو ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دابەشکردنی میلاکاتی خوێندن، جیاکردنەوەی پۆلەکان و دابینکردنی کتیب بۆ سەرجەم قوتابیانی هەرێمی کوردستان.