پێشبینی شەپۆلە بارانێکی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
K24 – هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەهێزترین شەپۆلە باران سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە ڕۆژانی نەورۆزیش بەردەوام دەبێت.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەم هەفتەیە پێشبینی دەکرێت کەشوهەوا گۆڕانی تەواوی بەسەردا بێت.
گوتیشی: پێشبینی دەکرێت سبەی دووشەممە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان نمە نمە باران ببارێت و لە ئێوارەش کاریگەرییەکانی زیاتر دەبن.
ڕەشاد ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی سێشەممە، پێشبینی بەهێزترین شەپۆلە باران دەکرێت لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هەروەها پێشبینی دەکرێت ئاستی باران لەزۆربەی ناوچەکان سەروی 60 ملم بێت، بەڵام لەسەنتەری پارێزگاکان پێبینی کەمتر کراوە کە سەروی 35 ملم باران.
دەشڵێت: ئەو شەپۆلە لەگەڵ ڕۆژانی نەورۆزیش تێکەڵ دەبێت تا کۆتایی هەفتە، کە بەشێوەیەک لە ڕۆژانی نەورۆز لەهەندێک شوێن بارانی بەردەوام هەیە و لە هەندێک شوێنیش پچڕ پچڕە. گوتیشی: لە هەندێک شوێن ئەگەری تەزرە هەیە.