ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل هەر یەکە لە دۆری ئەبوزەید و باربرا ئابێل، سەرۆک و یاریدەدەری ژووری بازرگانی ئەمەریکی- هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەی ژووری بازرگانی ئەمەریکی – هەرێمی کوردستان، بۆ دەستەی وەبەرهێنان، هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکایە بۆ هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنیانە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیی خۆی نیشاندا، لە ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.