ئێران.. ئەمساڵ لە پاییزەوە تا وەکوو زستان پێنج سەد هەزار کەس بێکار بوونە

K24 - هەولێر

ناوەندی ئاماری ئێران لە کۆتا ڕاپۆرتی ساڵدا ئاشکرای کردووە، ئەمساڵ له وەرزی پاییز تا وەکوو زستان ژمارەی بێکاران زیاتر له 500,000 کەس زیاد بووه و ڕێژەی بێکاریش گەیشتووەته 8.6%.

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویکردووتەوه، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ نزیکەی 65 ملیۆن کەس کە تەمەنیان سەرووی 15 ساڵە، تەنیا بیست و چوار ملیۆن و سەد و نەوەد و سێ هەزار کەس کاریان هەبووه، بەراورد به سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو 582,000 کەس بێکار بوون.

ناوەندی ئاماری ئێران راشیگەیاندووه، لەم ماوەیدا زیادبوونی بێکاریی لە ئافرەتان چوار هێندەی پیاوان بووه و ژمارەی ئافرەتانی بێکار بە گشتی دووهێندەی پیاوانه.

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە ڕێژەی بێکاریی لەو وڵاتەدا دەری دەخات، ڕێژەی بێکاریی لە کەسانی سەرووی تەمەنی 18 ساڵی لە ئافرەتان دا %27.8 ـە و لە پیاوانیش %13.5 ـە، بەمەش رێژەی بێکاریی لە نێو ئافرەتاندا دوو هێندەی پیاوانە.

هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە، ڕێژەی ڕەخساندنی هەلیکار لە ساڵی رابردوودا بۆ سەرانسەری ئێران %37.2 بووە، کە لەو ڕێژەیەش پشکی ئافرەتان %11.4 بۆ ئافرەتان و %63 بۆ پیاوان بووە، بەمەش هەلیکار بۆ پیاوان پێنج هێندەی ئافرەتان بووە، هەروەها ئاماژەی داوە بیست و حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار ئافرەت هیچ چالاکییەکیان لە بازاڕی کاردا نییە.

لە بەشێکی دیکە ئامارەکان دۆخی دەرچووانی خوێندنی باڵا لە ئێران خراوەتە ڕوو کە %40 یان بێکارن و لە نێویاندا %27.1 پیاوان و %71ی ئافرەتانن.

هەروەها بەرزترین ئاستی بێکاریی لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان، سنە لە ڕێزبەندی سێ یەکەمینی پارێزگاکانی ئێراندایە، کە زۆرترین ڕێژەی بێکارییان تێدایە.