فەیسەڵ سادق: ئەمساڵ نزیکەی 400 هەزار گەشتیاری زستانە هاتووەتە دەڤەری سۆران

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گوشتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند، ئێمە لە وەرزی زستاندا ژمارەی پێوانەییمان لە هاتنی گەشتیاری زستانە تۆمار کردووە.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەورۆز سیمایەکی سەرەکییە لە کەرتی گەشتیاری بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا، بەڵام ئەمساڵ خاوییەک بە هاتنی گەشتیارانەوە دیارە ئەویش لەبەر ڕێزگرتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و بەڕۆژوبوونی خەڵکە، ئەمەش هۆی چۆڵیی ناوچە گەشتیارییەکانە.
فەیسەڵ گوتیشی: ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین خەڵکی دەڤەری سۆران لەم بەهارەدا جیاواز لەساڵانی دیکە پێشوازیی لە خەڵک و گەشتیاران بکەن بەتایبەتی گەشتیارانی کوردستان، چونکە بارانی زۆر ئاماژەیە بۆ بەهارێکی خۆش و کەش و هەوایەکی گونجاو، هەروەها سروشت یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی گەشتیاری.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەوەرزی زستاندا ژمارەی پێوانەییمان لە هاتنی گەشتیاری زستانە تۆمار کرد، دەشڵێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامودەزگاکان پلانی ستراتیژیمان ئەوەیە، ڕێگاوبانەکانی گەشتیاری چاک بکرێنەوە، هەروەها لە دووساڵی ڕابردوو زۆر ڕیگاوبانمان چاک کردووە، بەڵام هەندێک شوێنی گەشتیاری ماوە کە ڕێگاکەی پێویستی بە چاککردنەوە هەیە.
بەڕێوەبەری گوشتوگوزاری سۆران باسی لەوەشکرد، لە مانگی یەکی ئەمساڵ تاوەکو مانگی سێ، نزیکەی 400 هەزار گەشتیاری زستانە هاتووەتە دەڤەری سۆران، واتە ڕۆژانە چوار تا پێنج هەزار گەشتیار هەبوو لەناوچە گەشتیارەکان، ئەمەش بەهۆی ئەوە بووە بە سێ قۆناغ بەفرێکی زۆر لەو ناوچەیە باریووە.