ئالڤێس بەهۆی باوكی نێیمار ئازاد نەكرا
دانی ئالڤێس بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی بارسێلۆنا ئازاد نەکرا و ئەمشەویش لە زیندان بەسەر دەبات، هۆكارەكەشی پەیوەندی بە باوكی نێیمار هەیە.
دانی ئالڤێس بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، بەهۆی دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەتێک لە یانەیەکی شەوانەی شاری بارسێلۆنا، لەلایەن دادگای ئەم شارە بە چوار ساڵ زیندانی تۆمەتبار کرا. رۆژی چوار شەممەی رابردوو، دادگا رازی بوو ئەو یاریزانە بە شێوەیەکی کاتی، بەرامبەر یەک ملیۆن یۆرۆ ئازاد بکات، بڕیاریش بوو دوێنێ پێنج شەممە، یاریزانەکەی پێشووی بلاوگرانا ئازاد بکرێت، بەڵام دۆسیەکەی وەک خۆی مایەوە و ئەو یاریزانە ئازاد نەکرا.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، باوکی نێیمار داسیلڤا ئەو کەسە بوو کە بڕیار وابوو یەک ملیۆن یۆرۆ، لە پێناو ئازاد کردنی ئالڤێس پێشکەشی دادگای بارسێلۆنا بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لە کاتی خۆی ئەو پارەیە پێشکەش بکات، دادگا بڕیاریدا ئالڤێس ئەمشەویش لە زیندان بەسەر ببات.