وه‌زاره‌تی دارایی: لە هەژماری مندا پارەکانت هی خۆتن و بۆ راکێشانیان هیچ بڕە پارەیەک نادەیت

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رایده‌گه‌یه‌نێت، لە هەژماری مندا پارەکانت هی خۆتن و بۆ راکێشانیان هیچ بڕە پارەیەک نادەیت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاندووه‌، لە هەژماری مندا پارەکانت هی خۆتن و بۆ ڕاکێشانیان هیچ بڕە پارەیەک نادەیت، هەرچەند پارەش رابکێشیت هەروا دەمێنێتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، مانگانە بانکەکەت لە رێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی بڕی تەنیا 2500 دیناری عێراقی لە هەژمارەکەت وەردەگرێت، کە هەرزانترین تێچووی بانکییە لە سەرتاسەری عێراقدا.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ هەژماری من لە شاری دهۆك بەردەوامە و زیاد لە 17.500 فەرمانبەر تاکو ئێستا ناونووسکراون.

راگەیاندنی پرۆژەی هەژماری من

لە راگەیاندنی ئەو پرۆژەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەژماری من؛ رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن کە لە سەرووی هەزار شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

هەروەها لە رێگەی هەژماری منەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات؛ لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راشیگەیاند، هەژماری من؛ یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو.

سوودەکانی پرۆژەی هەژماری من

پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئاسنکاری لە مامەڵە داراییەکان و سەلامەتی هەژمارە بانکییەکان وەک بنەمای سەرەکی ئەو پرۆژەیە دانراوە.

 لە سوودەکانی هەژماری من بۆ هاووڵاتییان، پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.

هاوکات مەترسیی بردنی مووچە و پاشەکەوت ناهێڵێت و  دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان و دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزەوە و دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی ئاسان دەکات.

لە سوودە ئابوورییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکی دا هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجییەکانی بەکاربەرانیش زیاتر دەکات بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی.

رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا، لەپێناو ڕایی کردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش و دەستپێکردنی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەهێنێتە کایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی (23ـی ئایاری 2023)، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم پرۆژەیە و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.

657